ناوەندی بڕیار جارێكی تر پێداگری دەكات لەوەی باڵی هێرۆ مووچە و بووجەی كوردستان بڕی
خواكوڕك
ناوەندی بڕیاری یەكێتی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند “چاوەڕوان نەدەکرا لەم دۆخە ھەستیارەی ناوخۆی یەکێتییدا، ھەوڵی ئەوە بدرێت کۆبونەوە بەناوی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبونی جێگرانی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لەھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت”.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا ناوەندی بڕیار دەلێت حزبی شەھیدان و چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبوونی مسۆگەر تاوبدەن و بگرە زیاتر یەکێتیەکەمان بگلێننە سیاسەتە ھەڵەکانی رابردوو کە قەیران لەدوای قەیران و بڕینی مووچەو بارقورسی بژێوی ھاووڵاتیانی لێ کەوتۆتەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4-10-2016 بڵاوکراوەتەوە، ناوەندی بڕیاری یەکێتی رایدەگەیێنێت “لێرەوە دووپاتیدەکەینەوە کە ئێوە بەم ھەنگاوە تاکلایەنە دەتانەوێت یەکێتی بەرەو پەراوێزخستن و پەرتەوازەیی زیاتر ببەن. خۆتان لە چارەسەری راستەقینەی کێشەکان بدزنەوە، کە خواستی ھەموو یەکێتییەکانە و دەرگاکانی گفتوگۆ و رێککەوتن دابخەن.”
دەقی راگەیێندراوەكە:
ھەڤاڵانی یەکێتی پێشمەرگە قارەمانەکان چاوەڕوان نەدەکرا لەم دۆخە ھەستیارەی ناوخۆی یەکێتییدا، ھەوڵی ئەوە بدرێت کۆبوونەوە بەناوی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئامادەبوونی جێگرانی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لەھەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی ئەنجامبدرێت، کە ببێتە ھۆکارێک بۆ زیاتر لەیەکترازان و پەرتەوازەکردنی ریزەکانی یەکێتی. کەچی بەداخەوە بەدەر لە چاوەڕوانی جەماوەری یەکێتی و بێگوێدانە پرەنسیپ و بنەمای کارکردنی حزبیانە، بگرە بەپێشلکردنی پەیڕەوی ناوخۆش پەنایان بۆ کۆبوونەوەیەکی ناوەختی بەناو مەکتەبی سیاسی برد.
جەماوەری سەربەرزی یەکێتی، کەسوکاری شهھیدان، پیشمەرگە و ریکخستنە دیرینەکان، زیندانیانی سیاسی، ریکخستنەکانی دەروە ئایا راستە ئیرادەیەکی خۆسەپێن، بێ رەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکانی یەکێتی و بۆ مەبەستی پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆییەکان و نواندنی خەمساردی سەبارەت بە کێشە سەختەکانی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بڕیار پێنەدراو ئەنجامبدەن و دوور لەھەر بەرپرسیارێتیەک، یەکێتیەکەتان، حزبی شەھیدان و چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال بەرەو دوو لەتبوونی مسۆگەر تاوبدەن و بگرە زیاتر یەکێتیەکەمان بگلێننە سیاسەتە ھەڵەکانی رابردوو کە قەیران لەدوای قەیران و بڕینی مووچەو بارقورسی بژێوی ھاووڵاتیانی لێ کەوتۆتەوە. بۆیە لێرەوە دووپاتیدەکەینەوە کەئێوە بەم ھەنگاوە تاکلایەنە دەتانەوێت یەکێتی بەرەو پەراوێزخستن و پەرتەوازەیی زیاتر ببەن. خۆتان لەچارەسەری راستەقینەی کێشەکان بدزنەوە، کەخواستی ھەموو یەکێتیەکانە و دەرگاکانی گفتوگۆو رێکەوتن دابخەن. وتەبیژی ناوەندی بریاری یەکیتی نیشتمانی کوردستان