حكومەتی هەرێم پەرلەمانتاری یەكێتی و گۆڕان وكۆمەڵی بێ ئیش كرد

خواكوڕك
پاش ئەو هەموو رەخنەیەی لەبواری نەوتی و ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا، حكومەت بریاریدا گرێبەستی لەگەڵ گورەترین کۆمپانیای ژمێریاری جیهان واژۆ بكات لەمەوبەدوا ئەو کۆمپانیایە وردبینی لە دەرهێنان، فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
بەگوێرەی زانیاریەكان ئەمرۆ نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی و رێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای ( دیلۆیت) واژۆكرد بۆ ئەوەی چیدیکە کەس ناتوانێت گومانی لە پرۆسەی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبێت”.
 
لە رێورسمەكەدا كە سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت قوباد تاڵەبانی تێیدا بەشدار بوون، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئامادە بوون، کۆمپانیای دیلۆیت کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و بەپێی داتا بڵاوکراوەکان گەورەترین کۆمپانیای جیهانە لە بواری ژمێریاری و وردبینی، لە بوارەکانی پشکنین، دەرهێنان ، فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان وردبینی دەکات و لەمەودوا هیچ راپۆرتێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاوناکرێتەوە تاوەکو لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە پشتڕاست نەکرێتەوە.
 
هێنانی ئەم کۆمپانیایە و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا یەکێکە لە بڕیارەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شەفافییەت لە کەرتی نەوت، زۆربەی کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە گرێبەستیان هەیە.
 
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “پرۆژەی وردبینیی سەربەخۆ بۆ داهات و خەرجیی سەرجەم پرۆسەكانی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن كۆمپانیای وردبینیی نیودەوڵەتی لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ کرا و بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی درا، كه‌ بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردبینی بۆ تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکەن”.
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ، چوار کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرۆسەیه‌ بانگهێشتکران و لەسەر بنەمای ژمارەیەک پێوەری تایبەت بە وردبینی و شیکردنەوەی داهات و دارایی لە تەندەرێکدا هەڵبژێردران، گوتی: “کۆمپانیا هەڵبژێردراوەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ وردبینی لە کۆی پرۆسەی دەرهێنان و بە بازاڕکردن و داهاتی نەوتی هەرێم دەکات و مانگانە راپۆرتەکانی خۆی تایبەت بە پرۆسەی وردبینی پێشکەش دەکات”.
 
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە ئەوەیە کە وردبینی لە پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بکرێت لە رابردوویشدا و لەوکاتەوە کە کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوت هاتوونەتە کوردستان و کاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیان ئەنجام داوە.
 
بەپێی گرێبەستەکە پۆرتاڵێک دەکرێتەوە ، هەر کۆمپانیایەکی نەوتی یوزەر و پاسڤۆردی خۆی دەبێت و داویان لێدەکرێت کە هەموو داتاکانیان لەو رۆژەوە کە لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە بخەنە ئەو پۆرتاڵەوە، گوێ بەوە نادرێت کە ئەو داتایانە راستن یان نا چونکە داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەکرێت کە ئەوانیش داتاکانیان لەسەر ئەو کۆمپانیایە بخەنە پۆرتاڵەکەوە، دواتر وردبینیان تێدا دەکات بۆ ئەوەی بگەنە راستی و دروستی لە داتاکاندا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێنانی ئەو کۆمپانیایە، دەیەوێت هەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لە ناشەفافی لە کەرتی نەوت و هەمیش لە ئاستی دەرەوە متمانەیەک بەدەستبهێنێت. 
 
کۆمپانیای دیلۆیت کە بەپێی قازانجەکانی لە ساڵی 2015 دووەم گەورەترین کۆمپانیای ژمێریارییە لە جیهاندا نووسینگەی سەرەکی لە نیۆیۆرکە، بەپێی پێناسەی کۆمپانیاکە لە پۆرتاڵەکەیدا، زیاتر لە 220 هەزار کەس لە لقە جیاوازەکانی ئەو کۆمپانیایە لە زیاتر لە 150 وڵات و ناوچەی جیهان کار دەکەن ، لە ساڵی 2015 قازانجی ئەو کۆمپانیایە 35 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
 
س: رووداو
Back to top button