له‌ پانێڵێكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و راپرسی كوردستان داوای یه‌كرێزی ده‌كرێت

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و راپرسی كوردستان 24 له‌ پانێڵێكدا به‌ ناوی “هه‌رێمی كوردستان چۆن به‌شدارییه‌كی كارا له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكاته‌وه؟” كه‌ رێكخرابوو،میوانداری سێ به‌رپرسی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرابووكه‌ ئوانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌ (خه‌سره‌و گۆران و ئاڕێز عه‌بدوڵاو مه‌سعود حه‌یده‌ر) بوون.
 
خه‌سره‌و گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردن و راپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: “دەبێت وەك شەریكێكی بنەڕەتی لە بەغدا مامەڵە لەگەڵ كورد بكرێت و ھەر لایەنێكیش بە تەنیا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات زیان به‌ كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ نابێت چیدیكە گەلی كوردستان ببێتە قوربانی”.
 
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا خه‌سره‌وگۆران ڕاشیگه‌یاند: “پێویستە پێش چوون بۆ بەغدا ناوماڵی كورد رێكبخەینەوە و كاتێك بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان دیاربكەین و دوای چوونیشمان بۆ به‌غدا، پێویستە شەڕی جێبەجێكردنی دەستوور بكەین”.
 
میوانێكی تری ئه‌و پانێڵه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بوو گووتی:”ناكۆكی ناوخۆ پێگەی كوردستانی لە بەغدا بێ ھێز كردووە, له‌كاتێكدا ساڵانی رابردوو ھەرێمی كوردستان دەوڵەتێك بوو لەناو عێراقدا و لە كوردستان نەخشەی سیاسی عێراق دادەڕێژرا”.
 
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئارێز عه‌بدوڵڵا گووتیشی: “دەبێت پێش ئەوەی بچینە بەغدا یەكدەنگی درووست بكەین و كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان بكەین, له‌به‌رئه‌وه‌ی ھەرێمی كوردستان ته‌نیا بە یەكگرتوویی دەتوانێت رووبەڕووی ئاراستە سیاسییەكانی عێراق بێتەوە, چونكه‌ لە بەغدا ئاراستەیەكی سیاسی ھەیە دەیەوێت دەسكەوتی كوردستان لەبارببات و دەیانەوێت ناسنامەی عێراق ته‌نیا بكەنەوە عەرەبی”.
 
لای خۆشیه‌وه‌ مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ به‌شداربوویه‌كی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌ی سه‌نته‌ری تویژینه‌وه‌ و راپرسی كوردستان 24 بوو، ڕایگه‌یاند: “جیاوازی كورد لەگەڵ پێكھاتەكانی دیكە لە عێراق بوونی كێشەی خاكە و بە درێژای مێژوو لە عێراق زوڵم لە ھەرێمی كوردستان كراوە”, هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ماددەی 140 بووەتە بابەتێكی سیاسی بەدەست لایەنەكانەوە و پێچەوانەی دەستووری ھێز دژی كوردستان بەكارھێندرا”.
 
سه‌باره‌ت به‌ سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی عێراق و ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان كه‌ له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017 ئه‌نجام درا مه‌سعود حه‌یده‌رئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گووتی :” پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتی عێراق بكرێت, چونكه‌ تائێستا له‌عێراق وه‌ك شه‌ریكێكی راسته‌قینه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد ناكرێت وئەنجامدانی ریفراندۆم كوفر نییە و ھیچ ماددەیەكی دەستوور دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە”, هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، “پێویستە لایەنەكانی كوردستان بە یەكھەڵوێستی بچنە بەغدا”.
Back to top button