عادل عه‌زیز:ئه‌وه‌ی سروه‌ عبدالواحید ده‌یكات بێئەخلاقیی سیاسییە

به‌ھۆی بەشداریکردنی سروه‌ عبدالواحید لە کۆبوونەوەی نێوان براکەی و موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون، لەنێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ناڕەزاییەکی زۆر بەرامبەر بە سروە عەبدولواحید درووست بووە و داوای دەرکردنی دەکرێت.
 
عادل عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان:”ھەرچەندە سروە عەبدولواحید پێچەوانەی پەیڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەی گۆڕان مامەڵە دەکات، بەڵام ”لە ڕوئیا و ڕەھەندی خۆمەوە، دەمێکە لەناو گۆڕان دەرم کردووە، بێگومان کاتێکیش خانەی ڕاپەراندن ھیچ بڕیاری دەرکردنی دەرنەکردووە، ئەوە کێشەی خۆیانە و پێویستە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن“.
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆران ڕاشیگه‌یاند: سروە عەبدولواحید، لە پڕەنسیپی گۆڕان ”لایداوە“ و بەبێ ئەوەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەی ئاگادار بکاتەوە، ”دەچێ لەگەڵ ڕێکخراوێکی درووستکراوی حزبەکانی دەسەڵات، لەگەڵ کوتلە عێراقییەکاندا کۆدەبێتەوە،ده‌بوایه‌ زوتر سروە عەبدولواحیدی دەربکرایە“.
 
هه‌روه‌ها عادل عەزیز دەڵێت:” لە پرەنسیپ و ستراتیژی گۆڕاندا نییە کە حاڵەتێکی وەک دیدارەکەی سروە عەبدولواحید و شاسواری برای، لەگەڵ مالیکی و موقتەدا سەدر هەبێت، چونکە ”گۆڕان تاھەنووکە، ھیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی بەمەبەستی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ بکات“. بۆیە پرسیاری ئەوەی کرد: ”خێرە ئێستا سروە عەبدولواحید لەگەڵ براکەی کۆبوونەوە لەگەڵ کوتلە عێراقییەکاندا دەکات؟ لەکاتێکدا بەلای ئێمەوە ھەڵوێستی بایکۆت زاڵترە وەک لە کۆبوونەوە“.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بە توندی هێرشی کردە سەر سروە عەبدولواحید و گوتی: ”ئەوەی سروە عەبدولواحید دەیکات، بێئەخلاقیی سیاسییە و پێویستە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەری بکات، چونکە ناکرێ ئەو لەناو بزووتنەوەیەکدا بێت، بەڵام لەگەڵ ڕێکخراوێکدا سەردانی کوتلە عێراقییەکان بکات و ھیچ ڕاوێژێک بە بزووتنەوەی گۆڕان نەکات“.
 
Back to top button