هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح: یه‌كێتی ته‌نها له‌ سلێمانی شه‌ش كورسی ئێمه‌ی دزیوه‌

 

دوای ئاشكرا كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن شه‌ش حزب له‌ هه‌رێمی كوردستان ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌ربڕی, له‌ دواهه‌مین لێدوانی میدیای سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یه‌كێتی ته‌نها له‌ سلێمانی شه‌ش كورسی ئێمه‌ی دزیوه‌.
رێبوار كه‌ریم، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی “غه‌د پرێس” جه‌ختی كرده‌وه‌، “قه‌باره‌ی ساخته‌كاریه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئه‌م مانگه‌ زۆر گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار بوو, به‌ڵگه‌مان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان ته‌نیا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی 145 هه‌زار ده‌نگی ئێمه‌ی دزیوه‌ و به‌و ده‌نگانه‌ 6 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌ “.

رێبوار كه‌ریم ئاشكرایكرد، “ئه‌مڕۆ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی راسته‌قینه‌یان پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ به‌غدا كردووه‌، كه‌ خۆیان له‌ 180 لاپه‌ڕه‌دا ده‌بیننه‌وه‌” و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، “له‌ڕێگه‌ی ئه‌و میۆمۆریه‌ی كه‌ وه‌ك هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی كۆپیه‌كی راده‌ستی ئه‌وانیش كراوه‌ و داتای پرۆسه‌ی هه‌ڵباژدرنی له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، ئاشكرا بووه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ته‌نیا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر له‌ 145 هه‌زار ده‌نگی هاوپه‌یمانێتی و دادپه‌روه‌ری دزیوه‌ و ئه‌و ده‌گانه‌ بۆ 6 كاندیدی یه‌كێتی رۆیشتووه‌”.

ئه‌و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح هۆشداریشیدا، “ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن ئه‌و به‌ڵگانه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرێت و رێككاری پێویست نه‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌وا كێشه‌ی گه‌وره‌ رووده‌دات كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت پێشبینی ده‌ره‌نجامه‌كانی بكات”، گوتیشی، “ئه‌و لایه‌نه‌ كوردستانیانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناڕازین، چاوه‌ڕێی رێككار و هه‌نگاوه‌كانی كۆمسیۆن ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌درانه‌وه‌ ئه‌وا مه‌كته‌به‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و حزبانه‌ش بڕیاری سیاسی خۆیان ده‌بێت”.

ئه‌مرۆ هه‌ریه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه‌ له‌به‌غدا، تانه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.

Back to top button