راوێژكارێكی سهرۆك كۆمار: له دانیشتنه نایاساییهكهی پهرلهمان, رێژهی ئامادهبووان تهواو نهبوو
راوێژكارێكی سەرۆك كۆمار دەڵێت: “لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بارەی پێشێلكاریەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، رێژەی یاسایی ئامادەبووان تەواو نەبووە”، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنەكەش كە بەشداربووە لەو دانیشتنە دەڵێت: “هەموو بەڵگەكانیان لەبەردەستە كە ژمارەی پێویست بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی ئامادەی دانیشتنەكە بوون”.
فەرهاد عەلائەدین راوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق رایگهیاندووه:” كە پەرلەمان دەسەڵاتی نییە بە هیچ شێوەیەك ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتە وتی: “پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردن یان بەشێكی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتەكانی دەستەی دادوەریە”.
وتیشی: “ئەنجومەنی نوێنەران لە بنەڕەتدا كاری تەواو بووە و 30 ی حوزەیران كۆتایی بە تەمەنی ئەم خولە دێت و لە ئێستادا لە پشوودایە و لە رۆژی یەكی حوزەیرانیشەوە دەبێت بە ناچاری پشوو وەربگرێت، جگە لەوەش دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممە یاسایی نەبووە، بەوپێی نیسابی یاسایی تێدا تەواو نەبووە، چونكە بە گوێرەی زانیاریەكانیان 135 پەرلەمانتار بەشدار بوون”.
لەبەرامبەردا زانا رۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لە یاسایی بوونی دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی ئەنجومەنەكە دەكاتەوە و دەڵێت: “دوای ئەوەی سێ جار بە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە نەیانتوانی دانیشتنی نائاسایی لە بارەی پێشێلكاریەكانی هەڵبژاردنەوەی ئەنجام بدەن، دواجار رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار ئەو دانیشتنەیان سازكردووە و لە كاتی دەنگدانیش ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵەكەدا بوون”.
وتیشی: “هەر لایەنێكیش دەیەوێت تانە لەو بابەتە بدات، دەتوانێت رێگەی دادگای فیدراڵی بگرێتەبەر و بەڵگەكانی بخاتەڕوو، ئەمانیش جگە لە واژۆی پەرلەمانتارانی بەشدار، ڤیدیۆی دانیشتنەكەشیان بە دەستەوەیە”.