مالیكی له‌وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بێ‌ هیواده‌بێت

 

ئەمڕۆ نووری مالیكی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ئەو هیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید ناكات. دووپاتیشی كردەوە هەر كەسێك بۆ ئەم پۆستە كاندید بكرێ، ئەو لاری نابێت.

مالیكی لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی چەند پرسیار و بۆچوونێكی میدیاكانی عێراقی داوەتەوە لەبارەی هەڵوێستیان بەرانبەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو هیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید ناكات. لاریشی نیە لە كاندیدبوونی هەر كەسێك بۆ ئەم پۆستە، بەو مەرجەی لە چوارچێوەیەكی یاساییدا كاندید بكرێت.

گوتیشی ئەو ڕێگری لە هەر كاندید دەكات كە بیەوێ بەودیوی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و چوارچێوە یاساییەكانیدا بسووڕێتەوە.

مالیكی لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا بەپێویستی زانیوە میدیاكانی عێراق بەوردبینیەوە هەڵوێستەكانی لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێوە بگوازنەوە و لە چوارچێوە سیاسییەكانیەوە خوێندنەوەی بۆ بكەن، واز لە تێكەڵكردنی كارتەكان و شێواندنی رای گشتی بێنن.

Back to top button