گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان: دۆسیه‌یی عەرەبی سوننە بدەنە دەست سەرۆك بارزانی

 

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌ باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكومه‌تی عێراق, گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رەخنەیەكی توند لە سەرانی سوننە لە عێراق دەگرێت بەوەی بازرگانی بە عەرەبی سوننە دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆست و داوای لێ كردن كە دۆسیەی سیاسی سوننە بدەنە دەست سەرۆك مەسعوود بارزانی.

عەرەبی سوننە بەهۆی پەرتەوازەییان لە ساڵانی رابردوو كە بەشێكی زۆریان لە ئاوارەیی ژیان بەسەر دەبەن و شار و شارۆكەكانیان لەلایەن داعشەوە وێران كراوە، جیا لەوە سەرانی سیاسی سوننە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە نەیانتوانیوە هیچ بۆ خەڵكی سوننە بكەن و تەنیا بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە بەغدا كار دەكەن.

حوێت ئەمڕۆ پێنجشەم رەخنەی توندی لە سەرانی سیاسی عەرەبی سوننە گرت بەوەی بوونەتە بازرگانی ناسراو لە دنیا لە رێگەی بازرگانیكردن بە عەرەبی سوننە بۆ وەرگرتنی پۆست بۆخۆیان و ئەوەش نەنگییە، ئاماژەی كرد، ئەو رەفتارانەیان ناوبانگ و شێوەی عەرەبی سوننە لە دنیا دەشێوێنێت.

زیاتر گوتی، بەر لە هەڵبژاردن رێنوێنی سەرانی سیاسی عەرەبی سوننەمان كرد كە دەستیان بخەنە ناو دەستی سەرۆك مەسعوود بارزانی خاوەن چاكەی گەورە لەسەر هەموو پێكهاتەی عەرەبی سوننە و پرسیاری كرد كە ئایا رەفتارەكانی سەلیم جبووری و بەكرێگیراوەكانی قبووڵ دەكەن؟.

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا ئاماژەی كرد كە پێویستە سەلیم جبووری تاوانبار بكرێت بەو پێیەی كەسێكی ناپاكە و لەلایەن ئەجیندای دەرەكییەوە پاڵپشتی كراوە بۆ نانەوەی دووبەرەكیی تایفەیی و هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی ناوخۆیی لە عێراق.

دووپاتی كردەوە كە سەلیم جبووری كرایە سەرۆك پەرلەمان بەو پێیەی پۆستەكە بۆ عەرەبی سوننەیە، بەڵام لەو ساتەوە ناپاكی لەوان كرد و سوودی لە پۆستەكەی بینیوە بۆ كاروباری بازرگانی خۆی، بۆیە پێویستە ئێستە سەرانی سیاسی عەرەبی سوننە لەدژی بڕیارەكانی بوەستنەوە و پێویستیشە دۆسیەی عەرەبی سوننە رادەستی بارزانی بكرێت كە نامووس و شەرەفی ئێمەی پاراست.

ئەمڕۆ پێنجشەم سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە و بیروڕا لەبارەی هاوكێشە سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لەگەڵ جەمال كەربوولی سەرۆكی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان (سوننە) كۆبووەوە و دووپاتیان لە سازان و هاوبەشایەتی و هاوسەنگی وەك سێ بنەمای سەرەكی پێكهێنانی عێراقی نوێ كردەوە.

Back to top button