جارێكی تر سهرۆككۆمار بهیاننامهیهكی تری بڵاو كردهوه
پاش بریاری پهرلهمانی عێراق لهسهر ههژماری بهدهستی سهدا دهی كۆی پارێزگاكان، سهرۆككۆماری عێراق كه چوار ساڵه به قهدهر ئهم دهرۆژه پڕ ئیشتر نهبووه، بهیاننامهیهكی تری بۆ ژمارهی بهیاننامهكانی تر زیاد كردوو سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و قسەکردنی لەگەڵ دادگای فیدراڵی لەبارەی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان لە رۆژی ٢٠١٨/٥/٢٨ و کۆمیتەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەکان، له راگهیاندراوێكی تر چهند خاڵێكی خسته روو”.
یەكەم: سەرکۆمار سەرۆکی دەوڵەت و سیمبولی یەکێتی نیشتمانی وڵاتە و نوێنەرایەتی سەروەریی وڵات دەکات و چاودێری زامنکردنی پابەند بوون بە دەستوور دەکات، بەمەش لێپرسراوێتی بەدواداچوون و چاودێریکردن دەکەوێتە سەرشانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەر شتێک کە دژی پرەنسیپەکانی دەستوور و قانونە کارپێکراوەکان و پرۆسەی بنیاتنانی دیموکراسیی دەوڵەت و دامەزراوەکان بێت. لەم روانگەیەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار بەبایەخەوە بەدواداچوونی کردووە بۆ ئەوەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران روویانداوە. بۆیە سەرۆکایەتیی کۆمار قسەی لەگەڵ دادگای فیدراڵی کردووە بەو پێیەی لایەنی قەزایی بەرپرسیارە بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی دەستوور، ئەوەش رێزگرتن بووە لە دەسەڵاتی دادوەری و پابەندی بووە کە لایەنی سەرەکییە لە پاراستنی قانون و جێبەجێکردنی.
دووەم: لە میانەی بەدواداچوون لەوەی کە لە دانیشتنە نائاساییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران رووی داوە، گومانێك دروست بووە کە بەستن و بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە و ئەو بڕیارەی کە تیایدا دراوە، دەستووری نەبووە بە پشت بەستن بە دەقی مادەی (61)ی دەستوور. چونکە هەڵوەشاندنەوە و پوچەڵکردنەوەی بەشێک یا هەموو ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن نییە، ئەوەش بە قانونی تایبەت رێکخراوە و مادەی (49)ی دەستوور ئاماژەی بۆ کردووە، هاوکات قانونی ژمارە ۱۱ی ساڵی ۲٠٠۷ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان شێوازی تانەدانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دیاری کردووە کە لەرێی پەنابردنە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، بەمەش کارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران خۆ لەقەرەدانە لە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستوەردانە لە پسپۆڕیی و ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەریی.
سێیەم: رێکارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران کە دانیشتنە نائاساییەکەی بەکراوەیی هێشتووەتەوە، ناکۆکە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە پێشتر ئەمەی یەکلایی کردبووەوە کاتێک بڕیاری دابوو کە هێشتنەوەی دانیشتنەکە نادەستورییە بەگوێرەی هەردوو بڕیاری (55 ی فیدراڵیی/2010) و (56/فیدراڵیی/2010).
چوارەم: دەربارەی بڕیاری ژمارە 198 ساڵی 2018 ی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە دانیشتنە نائاساییەکەی رێکەوتی 24/5/2018ی تایبەت بە پێکێنانی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیی و پێشێلکارییەکان کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا رویان داوە، نوسینگەی سەرۆک کۆمار پرسیاری لە دادگای فیدراڵیی کردوە کە ئەو کۆمیتەیە تاچەند دەستورییە چونکە باوەڕوایە کۆمیتەکە و کارەکانیشی دژ بە پرەنسیبەکانی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و حوکمەکانی مادەی (80) ی دەستورن، دەستوەردانی ئەنجومەنی وەزیرانیشە لە کارێک لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی. لەم روەوە ئاماژە دەکەین بۆ مادەی (8/هەشتەم) لە قانونی ژمارە (11) ی ساڵی 2007ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە بەدق دەڵێت (نابێت بڕیارە کۆتاییەکانی ئەنجومەنەکە ئیستیناف بکرێتەوە تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکاندا نەبێت).
پێنجەم: پێشتر سەرۆکایەتیی کۆمار چەندین پێشێلکاری دەستوریی بەرپەچ داوەتەوە و لای دادگای باڵای فیدراڵی تانەی داوە لە نادەستوریی بونی چەندین قانون و بڕیار هەموو ئەوانەش لەو کاتانەدا بووە کە سەرۆکایەتیی چاودێریی هەر پێشێلکارییەکی دەستوریی یا سنوردارکردنی ئازادییەکانی کردوە.
شەشەم: سەرۆکایەتیی کۆمار بەیەک چاو دەڕوانێتە هەمووان و سەرپەرشتیی پرۆسەی دیموکراسی دەکات و چاودێریی ئاڵوگۆڕی بە ئاشتیی دەسەڵات دەکات و پشتیوانیی هیچ فراکسیۆن و لایەنێکی سیاسیی هاوبەش یان بایکۆتکاری هەڵبژاردنەکان ناکات.
حەفتەم: سەرۆکایەتیی کۆمار رەتی ناکاتەوە و تەئکیدیشی ناکاتەوە کە ئەگەری گۆڕین و دەسکاریکردن هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا، لەهەمان کاتدا بەڕێز سەرۆک کۆمار پشتگیریی هەموو رێوشوێنە قانونیی و رێکارە کارپێکراوەکان دەکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دادگا و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوە و لێپێچینەوەی هەر لایەنێک کە تێوەگلاندنی ساغ ببێتەوە لەم یاریکردن و دەستکاریکردنە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. هاوکات بەڕێز سەرۆک کۆمار بە بەردەوامی هانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی داەوە لە پێناوی گرتنە بەری رێوشوێنە قانونییەکان بۆ زامنکردنی رێکوپێکیی پرۆسەی هەڵبژاردن.