په‌رله‌مانتارێكی عێراق: كوده‌تای سه‌ربازی به‌ چاره‌سه‌رده‌زانین بۆ ده‌رباز بوون له‌و ره‌وشه‌ی عێراق تێیكه‌وتووه‌

 

دوای ئاشكرا كردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردن لێكه‌وته‌و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا, په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی هێزه‌كانی عێراق ئاشكرای كرد، ئه‌نجامدانی كوده‌تای سه‌ربازی تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ به‌لای زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان، چونكه‌ گه‌ل به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران دووباره‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و گه‌ل په‌راوێز ده‌خه‌ن.

موته‌شه‌ر سامه‌رائی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی هێزه‌كانی عێراق كه‌ هێزه‌ سوننه‌كانی تێدایه‌، گوتی، كوده‌تای سه‌ربازی تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ زۆربه‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی به‌رده‌وامن له‌ مه‌ینه‌تی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی وڵات پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ.

زیاتر گوتی، گه‌ل ئێسته‌ هۆشیاری ته‌واوی هه‌یه‌ و ده‌زانی چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودایه‌ و كێ گه‌نده‌ڵه‌ و وڵاتی به‌م دۆخه‌ گه‌یاند، به‌ دووری نازانین له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌كراو ڕوو بدات.

ئه‌و قسانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عێراق له‌ كاتێكدایه‌ له‌ 12ی ئایار هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عێراق هاته‌ ئه‌نجامدان و ئه‌نجامه‌كانیش ڕاگه‌یه‌نران، به‌ڵام ئێسته‌ گرژی و ناكۆكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دروست بووه‌ و به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، جیا له‌وه‌یش به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌با له‌ شاره‌كانی عێراق، خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی فره‌وان ده‌ستی پێ كردووه‌ و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ڕاپه‌ڕین له‌ باشووری عێراق هه‌یه‌.

Back to top button