به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌ توركیا به‌نداوی موسڵ به‌ره‌و وشكبوون ده‌ڕوات

نه‌هله‌ هوبابی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌نجه‌ی تۆمه‌تی وشكبوونی ئاوی به‌نداوی مووسڵیشی بۆ لاوازی و كه‌مته‌رخه‌می حكوومه‌تی عێراق له‌ به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ درێژكرد.
 
له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا نه‌هله‌ هوبابی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند:” “كێشه‌ی ئاو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌هۆی شكستی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی ئێستا و هه‌روه‌ها نه‌بوونی رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئاو له‌ رابردوودا”.
نه‌هله‌ هوبابی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاشیگه‌یاند:” “ده‌رفه‌تی زۆر هاتووته‌ به‌رده‌م حكوومه‌تی عێراق، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ی داوه‌ته‌ ده‌ست توركیا و ئه‌نقه‌ره‌ سوودی له‌و ده‌رفه‌تانه‌ بینیوه‌‌، حكوومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ زیاده‌ڕۆییه‌كانی توركیا كه‌مته‌رخه‌م بووه‌، له‌وانه‌ش له‌شكه‌ركیشی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ناو خاكی عێراق له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌پاساوی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له‌ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش كارتی ئابوورییه‌ كه‌ توركیا ئابووریی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا ساغ ده‌كاته‌وه‌‌”.
 
نه‌هله‌ هوبابی گوتیشی: “بڕیاره‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دانیشتنێكی نائاسایی بۆ رێككاره‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ ساز بكات”.
 
دوای ئه‌وه‌ی توركیا، به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاو بۆ گڵدانه‌وه‌ی له‌ به‌نداوی “ئه‌لیسۆ” به‌نداوی مووسڵ به‌ره‌و وشكبوون ده‌ڕوات،هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئێرانیش ئاوی زێی بچووكی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرتۆته‌وه‌ و ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ رووبه‌ڕووی وشكبوونه‌وه‌ی ئاوی زێ بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانی هه‌موو ئه‌و ناوچه‌ كشتوكاڵیانه‌ داناوه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ كه‌ناره‌كانی زێی بچووك.
Back to top button