گۆڕان ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌لپه‌ساردووه‌و پیشوازی له‌ شاندی یه‌كێتی ناكات

ته‌قەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە 12 ئاری 2018 پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی بردە ئاستێکی ھێندە خراپ کە باس لەوە دەکرێت ساڵی 2009ش پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە ھێندە خراپ نەبووە، پاش ئەم رووداوانەش پرسی کشانەوە یاخود پێداچونەوە بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی لە لایەن گۆڕانەوە زیاتر بووە، بەڵام گۆڕان رێكکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵپەساردووە و ئامادەش نییە پێشوازی لە شاندی یەکێتی بکات.
 
دانا عەبدولكەریم، ئەندامی ژووری حكوومەت و پەرلەمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگه‌یاند: “رێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ھەڵپەسێردراوە، وەك بزووتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمین لەسەرئاستی پارێزگای سلێمانی بۆیە لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی خۆمان بە بەرپرس دەزانین”.
 
لای خۆشیه‌وه‌ فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گووتی: “بەرقرابوونی ئاشتی و سەقامگیری لە پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە، پەیوەندی بە یەكێتی و گۆڕانەوە ھەیە، ئەگەر بیانەوێت دۆخی سلێمانی سەقامگیربێت دەبێ ھەردوو لایەن پەیوەندییەكی دۆستایەتی لەگەڵ یەكتر دروست بكەن”.
 
بە پێی یاسای ژمارەی 3ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەر گۆڕانکارییەك لە پۆستێکی ئیداریدا بکرێت دەبێت لە رێگەی ئەنجوومەنەکانەوە بێت، زۆرینەی پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دابەشکراون، گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەی ئامادەنیە لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت، دەشڵێت پۆستەکانمان بۆ لایەنێك جێناھێڵێن بۆ بەرژوەندی خۆی بەکار بھێنێت.
Back to top button