دیموکراتییەتی دەستکرد و مەجلیشی شەیتان…مەلەفی ئەمنی بە نموونە!

تەنیا کوردی
 
((دیموکراتییەتی دەستکرد کە مەبەستم لادان لە دیموکراتییەتی سرووشتییە، لەلایەن هەریەک لە (هێرۆ و عەلی باپیرۆ و نەوشیروان مستەفا) بەرگێکی مەجلیشی شەیتان و دەستکرد و فەوزەوییەتی بەبەردا کراوە و، جەستەی دیموکراتییەت شێواندراوە، بۆیە بە عورف و فەلسەفە و ئاین و گشت پێوەرێکی دیموکراتی بێ، ئەمانە گەورەترین هەڕەشەن لەسەر دیموکراتییەتی راستەقینەی گەل، لەم بابەتەدا بە کورتی روونی دەکەمەوە کە بۆچی؟؟؟))
 
ئاسایشی سیاسی گرینگترە لە دیموکراتییەتی گوتارێک لەچوارچێوەی وشەدا، چونکە دیموکراتییەت ئەگەر مەکینەی بەرهەمهێنانی وشەی ئازادی بێ بەبێ ناوەڕۆکی ماف و ئەرک، ئەوا ئاسایشی سیاسی بریتییە لە پاکێجێک کە ئەجێندا و ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستان بە گشت پایەکانی دیموکراتی و وەبەرهێنان و بزاوتی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی سیاسی، تێدا بەرهەم دێ.
 
ئەگەر دیموکراتییەت لە واتای (هێرۆخان و عەلی باپیر و نەوشیروان مستەفا) بریتی بێ لە نانەوەی فەوزا، کە لەدیگای هێرۆدا دیموکراتییەتێکی فەوزا هەوێنی گرتنەبەری سیاسەتی ئەدای کارکردن بێ، لە دیدگای عەلی باپیریش دیموکراتییەت دانیشتنە لە مەجلیسی شەیتاندا، چونکە پەرلەمان بەرهەمدێنێ و لە دیتی ئەودا پەرلەمان مەجلیسی شەیتانە! ئەوا لە دیتی پارتیدا دیموکراتییەت ماناکەی بریتییە لە سەقامگیری سیاسی و بەهێزکردنی مەلەفی ئەمنی بۆ پارێزگاریکردنی خەڵک، بۆ ئەوەی تەوازنی سیاسی گەل لەسەر پایەی دیموکراتییەتی راستەقینەدا گەشەبکات.
لە سادەترین پێناسەدا دیموکراتییەت، بریتی یە لە دەسەڵاتی گەل بۆ گەل، ئایا سەقامگیری سیاسی و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی خەڵک، کە سێ پایەی دیموکراتییەتە لە پێناسەی سەردەمدا، ئەمە دیموکراتییەتی راستەقینەیە یان دیموکراتییەتێک کە دەستکردبێ، بۆ دروستکردنی فەوزای سیاسی؟
پارتی لەوەتەی دروستبووە دەرچەیەکی دیموکراتی کردووەتەوە کە لەنێو سیستەمی حوکمڕانی سیاسی هەرێمدا جێگیر بێ، بەڵام بۆ هەموو جیهان مەعلومە کە بەزاندنی هێڵە گشتییەکانی دیموکراتییەت فەوزەوییەتی لێ دروست دەبێ بەتایبەت کە هێڵی حوکمڕانی لە پەنای دیموکراتییەتەوە ببەزێندرێ، بۆیە پارتی لە پێناو سەقامگیری سیاسی هەرێمدا زۆر جار ئاسایشی سیاسی پێش رەهەندی دیموکراتی خستووە، لە پای حوکمڕانی سیاسیشدا دیموکراتییەت و ئاسایشی پێکەوە هاوسەنگ کردووە.
ئەفلاتوون دەڵێ زۆرجار لە پەنای دیموکراتییەتەوە کۆمەڵێک کەسێک دێنە سەر حوکم کە دیموکراتییەت دەکەنە فەوزا، رێک لە ئێستادا لە پەنای دروشمی دیموکراتییەتەوە بینیمان کە لە سلێمانی ویستیان فەوزەویەت ببێتە ناوەڕۆکی خۆپیشاندانەکان و لە رابردوویشدا بینیمان کە لە مەیدانی سەرادا چۆن چۆنی لە پەنای دیموکراتییەتدا گورزی گەورە لە رەهەندەکانی دیموکراتی وەشێن درا.
پارتی ترسی لە دیموکراتییەت نەبووە، بەڵام هەمیشە بۆ ئامانجی دیموکراتییەتی گەل ئامانجی نەتەوەیی پێشخستووە، چونکە لە ناوچەیەکی ئاگردا دەژین، بەڵام واتایەکی بەهێزتری داوەتە دیموکراتییەت و سەردەمیانە گونجاندوویەتی لەگەڵ ستراتیژیەتی کوردستانی و ناوەڕۆکی دیموکراتییەتی پڕکردووە لە دەستکەوتی سیاسی لە پێناو روئیایەک کە ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە.
ئێستا کاتییەتی کە خەڵک بپرسێ کە ئایا ئەی نەوشیروان مستەفا و عەلی باپیر و هێرۆ خان چیان کرد؟
نەوشیروان مستەفا کە لە بەرەی بەرپرسیارێتییەوە رایکردووەتە دەرەوە و گۆڕانی راسپاردووە تا بەهەموو هێزێکەوە پێشێلی ئاسایشی خەڵک بکات، ئەی ئەمە بەزاندنی سنووری دیموکراتییەت نییە؟ ئەی ئەگەر دیموکراتییەت دەسەڵاتی گەل بۆ گەل بێ، ئەی باشە نانەوەی پشێوی لەنێو گەل دا پێشێلکردنی دیموکراتییەتی راستەقینە نییە؟ فێرکردنی منداڵێک کە بەرد بوەشێنێ لە داهاتوویدا ئەمە پێشێلکردنی مافی منداڵ نییە؟ فێرکردنی مامۆستایەک کە نەهیڵی وانە بە منداڵێکی پێشمەرگە بڵێتەوە ئەی ئەمە پێشێلکردنی واجباتی بەرگریکردن لە خەڵک نییە؟
هێرۆ خان، بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە نزیکەی ٢ ملیار دۆلار نەوتی خەڵکی کوردستانی دایە ئێران و داهاتەکەیشی بۆ گیرفانی خۆی برد، داوایشی لە عەبادی کردووە کە رێککەوتنی هەولێر و بەغدای پێوەست بە نەوتی کەرکووک رابگیرێ؛ ئەی دەستبردن بۆ قووتی خەڵک ئەمەیش پێشێلکردنی سەروەری گەل نییە؟
مامۆستا عەلی باپیر کە بە ئینقلابێکی سیاسی لە نێو بزووتنەوەدای ئیسلامی دەرکەوت و کۆمەڵی دروست کرد دواتریش دروستبوونی پەرلەمانی بە مەجلیسی شەیتان ناوبرد و کەچی خۆی بوو بە پەرلەمانتار، ئایا ئەمەیش پێشێلی گەل نییە کە ئێستا دێ باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات؟
کەوایە کلیلی سەرکەوتنی گەل بەو دیموکراتییە شەیتانییە و لەو دیموکراتییە دەستکردەیش نییە کە لە پەنای کۆمەڵێک وشە جەستەی دیموکراتییەت پڕبکرێ لە فەوزەوییەت تەنیا لە پێناو دروستکردنی پشێوی لەنێو خەڵکدا، بەڵکوو دیموکراتییەتی راستەقینە لە پارێزگاریکردن لە گەل و چەواشەنەکردنی دێتە بوون.
Back to top button