فه‌ڕه‌نسا: پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد،

 

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی پیرۆزبای وڵاته‌كه‌ی به‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ له‌ دیدارێكدا كه‌ دۆمینیك ماس كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌ عێراق به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، ئینجا تیشكی خسته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئۆبێرت به‌ گرنگی زانی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به یه‌كگرتوویی له‌ به‌غدا دانوستان بكه‌ن و به‌شدارییه‌كی كارایان له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنان و حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له هه‌ولێر و به‌غدا كرد كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوانیان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و پاڵپشتییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆنی كرد له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان‌ و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ركران، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌ یه‌كده‌نگی له‌ به‌غدا به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكه‌ن و ڕۆڵێكی كارایان له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌بێت.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له ‌بواری ئابووریدا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button