ئه‌ردۆغان: به‌ دروشمی كه‌س بۆی نیه‌ زیان له‌ مافه‌كانی كورد بدات, له‌ دیار به‌كرد كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنی به‌رێكرد

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌لبژاردنی پێشوه‌خته‌ی سه‌ركایه‌تی توركیا, دروشمی قه‌به‌و گه‌وره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كان له‌ نێوانیشیدا كورد به‌رز ده‌كرێته‌وه‌, ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی توركیا، (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) هۆشداری دایه‌ هه‌ر لایه‌ك كه‌ زیان له‌ مافه‌كانی كورد بدات.

ئه‌ردۆغان، ئه‌مڕۆ له‌ شاری (دیاربه‌كر) وتارێكی ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی كرد و گوتی: “به‌ره‌نگاری هه‌ر لایه‌ك ده‌بینه‌وه‌ كه‌ زیان له‌ مافه‌كانی كورد بدات”.

سه‌رۆكی توركیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، “ده‌وڵه‌تی توركیا رێگه‌ نادات ماف و ئازادی گه‌ل فه‌رامۆش بكرێن”.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تی كوردیش، ئه‌ردۆغان گوتی: “هه‌وڵی گه‌ڕان به‌ دوای ده‌وڵه‌تی كوردان مه‌ده‌ن، چونكه‌ كۆماری توركیا ده‌وڵه‌تی ئه‌وانه‌”.

سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شی گوت: “زمانی توركیمان زمانی فه‌رمی وڵاته‌ و به‌های زمانه‌كه‌شمان جیاواز نییه‌ له‌ به‌های زمانی كوردیی”.

ئه‌م قسانه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ دوێنێ گوتبووی: “كورد ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا وانه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ده‌نه‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ی به‌رهه‌ڵستكار”.

دوێنێ ئه‌ردۆغان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی ناوخۆیی توركیا، گوتی: “من وه‌ك سه‌رۆك نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی تورك به‌ گشتی ده‌كه‌م و به‌ كورده‌كانیشه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها گوتی: “من زۆر له‌ هه‌ده‌په‌ زیاتر به‌رگریم له‌ كورد كردووه‌ و ئه‌وان هیچیان بۆ كورد نه‌كردووه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تی داهاتووش گوتی: “دوای هه‌ڵبژاردن میكانیزمی نوێی كاری په‌رله‌مانی ئاشكرا ده‌بن و ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌مده‌كرێنه‌وه‌”.

بڕیاره‌ (24ی ئه‌م مانگه‌) پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی و سه‌رۆكایه‌تی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌بچن.

 

سه‌رچاوه‌: رووسیالیه‌وم و ئه‌نادۆڵ

 

Back to top button