مهسرور بارزانی بۆ هێزهكانی هاوپهیمانان، پێویسته دهست بهجێ دۆخی كهركووك ئاسایی ببێتهوه
مهسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە جێگری بەرپرسی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا ڕای گەیاند، پێویستە هەرچی زووە، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی نەخشەڕێگەی ماددەی ١٤٠، چارەسەر بکرێ و دۆخی داگیرکاری لەم ناوچانە کۆتاییان پێ بهێندرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ وۆڵتەر پایت، جێگری بەرپرسی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش لەناوچە ڕزگارکراوەکان بە گشتی و دەوروبەری کەرکووک بەتایبەتی تاوتوێ کرا و گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغی داھاتووی روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد.
مەسرور بارزانی هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی بە رەوشی پێشووی پارێزگای کەرکووک دا و رایگەیاند، ئەو کاتەی کەرکووک و دەوروبەری لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دابوو، زۆر ئارام و پارێزراو بوو. جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێویستە ھەرچی زووە، بەپێی نەخشەرێگەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، دۆخی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێن و دۆخی داگیرکاری کۆتایی پێبھێندرێت“. هاوکات ئاماژەی بە گرینگیی دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق دا.
ھەر لەو دیدارەدا ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دووپاتی لە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان لە بەردەوامیدان بەشەڕی تیرۆریستان کردەوە.
هەر لەم دیدارەدا جەنەڕاڵ وۆڵتەر، پوختەیەکی لەبارەی پلانی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە خستەڕوو و ھەردوولاش رێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەو گفتوگۆ راوێژکارییانە لەبارەی پرسە گرینگەکان کە جێگەی بایەخی ھاوبەشن.