گۆڕان لە شكستەوە بۆ شكستێكی دیكە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
هێنانی 25 كورسی و دواییش 24 كورسی پەرلەمانی لە لایەن گۆڕانەوە، نەك گۆڕانی نەخستە بەردەم بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و لایەنگرەكانی، بەپێچەوانەوە ئەو گرووپە چ لە سەردەمی نەوشیروان مستەفا و دوای ئەویش، دووچاری غروری سیاسی بوون و كۆمەڵێك هەرزەی سیاسی بە تەواوی دەستیان بەسەر گوتاری سیاسی و میدیایی ئەو حیزبەدا گرت، بەجۆرێك هیچ شتێك لای ئەو گرووپە راست نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت كە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بوایە و خۆیان بەدڵیان بوایە. ئەگینا هەموو شت لای ئەوان ناڕاست بوو، سەرئەنجام لە 12ی 5 ئەو باڵۆنەی غرورییە تەقییەوە و دواتر لە پەنای بانگەشەی تەزویرەوە ویستیان شكستی خۆیان بشارنەوە، لە كاتێكدا زۆر روونە ئیدی ئەو گۆڕانە نابێتەوە بە گۆڕانەكەی سەردەمی نەوشیروان مستەفا.
ئەو بزووتنەوەیە لە رابردووێكی نزیكدا هێندە غرور بوو، پێیوابوو ئەگەر ئەوان نەبن، كوردستان بەڕێوەناچێت و ئەوان بەردەوام دەبن لە هێنانەوەی كورسی و دەنگەكانی خۆیان، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە دەریخست كە شتێكی ئەوتۆ بە ناوی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا نەماوە و چیتر گۆڕان ئەو حیزبە نییە تا بتوانێت شەقام بجوڵێنێت و بە هەزاران كەس بهێنێتە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەوە.
بەڵێ ئەو گرووپە هێندە غرور بوون، پێشچاوی خۆیان نەدەدی، تا ئەو كاتەی كەوتنە ناو چاڵی شكستێكی گەورەوە، ئەوەی سەیریشە دوای ئەو ئەنجامە خراپەی گۆڕان هێنای، هێشتا ئەو گرووپە لەسەر غروری خۆیان بەردەوامن و لە بری ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی خۆیان بكەن و له هۆكاری شكستهكانیان ورد ببنهوه، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێكی دەستەجەمعی رەتدەكەنەوە، بەتایبەتی لە پرسی دانوستانی نێوان لایەنەكان، ئەمەش وا دەكات ئیدی خەڵك لەو جۆرە حیزبە بێتاقەت بن و لە هەڵبژاردنی كوردستانیشدا هەمان سزای ئەو لوتبەرزی و غرورییەیان بدەنەوە، چونكە هێشتا گۆڕان لە خەونی 25 كورسییەكەی خۆیدایە و پێیوایە نەوشیروان مستەفا لە گردەكە سیاسەتی بزووتنەوەكە بەڕێوەدەبات.
هەڵبژاردنی كوردستان نزیك بووەتەوە، ئەوەش بۆ گۆڕان شكستێكی دیكە دەبێت، چونكە خەڵك لەوە گەیشتن ئەو بزووتنەوەیە لە ماوەیەی بەشداری لە حكوومەتدا لەبری ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەن، بەردەوامبوون لە گوتاری بەناو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیانەوە، بەجۆرێك خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەشاردەوە و نەیاندەتوانی وەك حیزبی خاوەن روئیای سیاسی شانبدەنە بەر بەرپرسیارێتی حكوومەت، هەر بۆیەش لە بیانوو دەگەڕان بۆ ئەوەی لە حكوومەت بكێشێنەوە و دواتر دۆخێكیان دروستكرد بە ناچاری لە كابینەكە لە لایەن پارتییەوە دەركران، بەوپێیەی ئەوەی دەچێتە حكوومەتەوە نابێت ئۆپۆزسیۆن بێت، چونكە ئەو حیزبانەی لەناو حكوومەتن دەبێ خزمەت بكەن، نەك قسەی باق و بریق و بەڵێنی ساختە، تەنانەت گۆڕان نەیتوانی سەدا یەكی ئەو هەزاران بەڵێنەش جێبەجێ بكات كە لە كاتی بانگەشەدا بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دەیدایە خەڵك، لەبەر ئەوەی كەچوونە دەسەڵاتەوە سەرقاڵی بەرژەوەندی خۆیان بوون و ئیدی خەڵك و لایەنگرانیان سزای ئەو بزووتنەوەیاندا.