گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکان: ئەمریکا پێی ڕاگەیاندین لە شنگاڵ دەمێنینەوەو هێزەکانمان زیاد دەکەین

دوای ئەوەی هێزێکی ئەمریکا لە سنوری شنگاڵ جێگیر بوو گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند هێزەکەى ئەمریکا لە چیاى شنگال بەردەوام لە زیادبووندایە و تا ئێستە ژمارەیان نزیکەى ١٥٠ کەس دەبێ، بەکاروانێکى ٢٠ ئۆتۆمبێلى گەیشتوونەتە جێ.

موزاحم ئەحمەد حوێز گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا گوتی “بەراوێژکردن لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانى ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا، ئەمریکا هێزێکى لە لوتکەى چیاى شنگال جێگیر کردووە، لەو رێگەیەوە دەیەوێت تەواوى سنوورى نێوان عێراق و سووریا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى و پێیان ڕاگەیاندین هێزەکانمان زیاد دەکەین و لە شنگاڵ جێگیر دەبین”.

حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی رایگەیاندووە كە ئەمریکا پێش ئەوەى هێز بنێرێتە سەر چیاى شنگال، راوێژى بە هۆزە عەرەبەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوا، ئەنبار و قەزاى شنگال لە عێراق کرد، لە سووریا ژمارەیەکى زۆر لە هۆزە عەرەبەکان راوێژیان پێکراوە. ئێمە وەکو هۆزە عەرەبەکانى ناوچەکە داواکارین دروستکردنى بنکەى سەربازى ئەمریکى لەسەر چیاى شنگال و هەبوونى هێزێکى ئەمریکى لە سنوورەکە رێگر بێت لەو هەموو پێشێلکارییانەى پەکەکە و حەشدى شەعبى بەرامبەر خەڵکى ناوچەکە ئەنجامى دەدەن.

لەبارەى وردەکارى زیاتر لەسەر هێزە ئەمریکییەکەى شنگالیش دەڵێ “هێزەکەى ئەمریکا بەردەوام لە زیادبوونە و تا ئێستە ژمارەیان نزیکەى ١٥٠ کەس دەبێت و بە کاروانێکى ٢٠ ئۆتۆمبێلى گەیشتوونەتە جێ، بەشى زۆریان راوێژکارى سەربازین، ئەوەى لە پلانى ئەواندایە جێگیربوونیانە لە تەواوى سنوورى نێوان عێراق و سووریا کە لە رۆژئاواى شنگالەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە قەزاى بەعاجى سەر بە پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانى ئوم زیبان و ئوم جڕیس لە سنوورى هەمان قەزا و، تەواوى بیابانەکانى سنوورى پارێزگاى ئەنبار دەگرێتەوە، کاتى مانەوەشیان کراوەیە لە سنوورەکە”

Back to top button