رێبوار تاڵه‌بانی: فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌م هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی دادگایه‌كی كه‌ركووك فه‌رمانی ده‌ستگیر كردنی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ركرد, له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا, هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆڵی ناڕه‌زایه‌تیه‌, رێبوار تاله‌بانی رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنم هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، رێبوار تاڵه‌بانی سووپاسی پشتیوانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌ دوای به‌دواداچوونی پارێزه‌ره‌كانم فه‌رمانی ده‌ستگیركردنم هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌, به‌ره‌ی توركمانی له‌ پشت ئه‌و فشارانه‌ بووه‌ بۆ سه‌ر ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ تا له‌ دادگا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ده‌ربكرێت.
ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئه‌و دادوه‌ره‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌ركردبوو، كورد بووه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری به‌ره‌ی توركمانی و سكاڵاش له‌ دژی ئه‌و دادوه‌ره‌ تۆمار ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی، رێبوار تاڵه‌بانی گوتی: سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌میشه‌ پشتیوانم بووه‌ و سه‌یری ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌، كه‌ من سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكی سیاسییم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ر به‌ یه‌كگرتوو بوومه‌ به‌ڵام ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئه‌و له‌و پێگه‌ مه‌زنه‌دا بۆمن شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌.
دوێنێ دادگایه‌ك له‌ كه‌ركووك بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ركرد.
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا نووسینگه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند، هه‌موو كوردێك پشتیوانی رێبوار تاڵه‌بانی ده‌كات و سه‌رۆك بارزانی به‌و په‌ڕی هێزی خۆیه‌وه‌ پشتیوانی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها رێبوار تاڵه‌بانی جارێكی دیكه‌ داوای له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كرد، له‌ هه‌ر شوێنێك پێیان باشه‌ جگه‌ له‌ ناو شاری كه‌ركووك ئاماده‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا رێكبخات.

Back to top button