یه‌كێتی گۆڕانكاری له‌ مه‌ڵبه‌ندی چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قین و كۆیه‌دا ده‌كات

به‌ بڕیاری مەکتەبی سیاسی و مه‌كته‌بی ڕێكخستنی یەکێتی، ھەریەک لە بەرزانی ئەحمەد کوردە، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ، شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین، ڕەھبەری سەیدبرایم، بەرپرسی مەڵبەندی کۆیە، لە پۆستەکانیان لادراون و لە جێگەیاندا کەسانی دیکە دانراون.
 
به‌ پێی زانیارییه‌كانی “خواكوڕك” هۆكاری لابردنی هه‌ریه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پشتیوانیكردنیان له‌ قه‌واره‌كه‌ی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و یه‌كێتیش پۆسته‌كانی لێوه‌رگرتوه‌نه‌ته‌وه‌و پۆستی بچوكتری پێ به‌خشیوون .
 
لای خۆیه‌وه‌ سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “بەرپرسی مەڵبەندی خانەقین و بەرپرسی مەڵبەندی دھۆک بوونەتە پەرلەمانتار، بۆیە لە پۆستەکانیان لابراون، بەڵام ڕەھبەری سەیدبرایم، خۆی وازی لە پۆستەکەی ھێناوە و بەرزانی ئەحمەد کوردەش داوای ئەوەی کردووە، پۆستەکەی پێشووی وەربگرێتەوە ئەو گۆڕانکارییە، ”تەنیا مەکتەبی ڕێکخستن“ پێی هەڵساوە “.
 
گوته‌بێژی یه‌كێتی ڕاشیگه‌یاند: “گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیە کراون، سیروانی کوێخا نەجم، لە مەڵبەندی چەمچەماڵ دانراوە. وەستا ڕەسووڵ، لە مەڵبەندی ڕانیە دانراوە. ھەروەھا سامان گەرمیانی لە مەڵەندی گەرمیان دانراوە. موحسین عەلی ئەکبەر لە مەڵبەندی خانەقین دانراوە و عوسمان بانیمارانی لە مەڵبەندی کۆیە دانراوە”.
 
لای خۆشیه‌وه‌ فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی :مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی گۆڕانکاری لە مەڵبەندەکاندا کردووە و ژمارەیەک بەرپرسی مەڵبەندی گۆڕیوە، بەڵام کەسانی دیکەی بۆ ئەو پۆستە داناوە. گوتیشی: ”ئێمە ئەوە بەھەنگاوێکی باش دەزانین و پێمان وایە ھەر گۆڕانکارییەک لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا بکرێت، دەرئەنجامی باشی دەبێت“.
Back to top button