دۆخه‌كه‌ ئالۆزه‌ پێشنیاری گه‌مارۆدانی باڵه‌خانه‌ی كۆمسیۆن ده‌كرێت

 

دووای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڕیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ %10ی ده‌نگه‌كانی عێراق ده‌ركرد و هاوكات داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی راگه‌یان تا كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌ پێشنیاری گه‌مارۆدانی باڵه‌خانه‌ی كۆمسیۆن ده‌درێت
عادل نووری كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی باس له‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیار ده‌كات كه‌ لیژنه‌كه‌ ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی چوارشه‌م به‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی بدات.

یه‌كێك له‌و پێشنیارانه‌ی عادل نووری ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی له‌رووی ته‌ناهییه‌وه‌ ده‌وری باڵه‌خانه‌ی كۆمیسۆن بدرێت، تا نه‌توانرێت ئامێره‌ تایبه‌ته‌كانی ده‌نگدان ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌، هه‌روه‌ها پێشنیار هه‌یه‌ رێگری له‌ گه‌شتكردنی ئه‌ندامانی كۆمسیۆن بكرێت.

عادل نووری ده‌ڵێ، “هێشتا پێشنیاری تریش ماوه‌، ئه‌مڕۆ ته‌واو ده‌كرێت و سبه‌ی به‌ په‌رله‌مان ده‌درێت، ئاخۆ په‌رله‌مان خۆی بڕیاری كاركردنی له‌سه‌ر ده‌دات، یا به‌ لایه‌نی تری ده‌دات بۆ جێبه‌جێكردنیان”.

ناڕه‌زایی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی/ئایاری رابردوو كۆمه‌ڵێك لیژنه‌ی بۆ پێكهاتووه‌، له‌وانه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراق و لیژنه‌یه‌كی تریش له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵ بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان پێكهاتووه‌.

Back to top button