په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕیش سپی و پیاو ماقوڵانی شاره‌دێی وه‌رتێ ده‌كات

رۆژی دووشەممە ٤\٦\٢٠١٨، سێ ھاووڵاتی بەناوەکانی (عومەر عەبدوڵڵا مەحمود، ھەڵگورد حەمەدەمین عەبدوڵڵا و دانا خدر ھەمزە)، کە ھەرسێکیان گەنجن و دانیشتووی سەنتەری شاره‌دێی وەرتێن له‌ سنوری قه‌زای ڕواندز، لەلایەن ئاسایشی پەکەکە ده‌ستگیر ده‌كرێن و ده‌رفێندرێن .
 
سابیر عەبدوڵا مەحمود، کە دەکاتە برای (عومەر عەبدوڵا محمود)، رایگەیاند:” کە لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا وەکو کەسوکاری ئەو سێ ھاووڵاتییە، پێنج جار بەمەبەستی ئازادرکردنیان چوونەتە لای بنکەکانی پەکەکە، بەڵام تاکو ئێستاش ھیچ ھەواڵیان نییە و ئازادیش نه‌كراون .
 
به‌ پێی زانیارییه‌كانی خواكوڕك ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٦ی٦ی٢٠١٨ کەسوکاری ئەو گیراوانە لەلایەن چەکدارانە پەکەکەوە هەڕەشەیەیان لێکراوە کەوا بەهیچ شێوەیەک لێدوان بۆ هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن نەدەن، ئەگەر شتی وا هەبێت ئەوا بەهیچ شێوەیەک کوڕەکانیان ئازاد ناکرێن.
 
دوای ئەوەی چەکدارانی پەکەکە بەڵێنیان بە کەسوکاری ئەو سێ گەنجە دابوو کەوا دوێنێ کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە ئازاد بکرێن، بەڵام ئازادیان نەکردن، دواتر چەند کەسێک لە کەسوکاری گیراوەکان ژمارەییەک لە هاوڵاتیانی وەرتێ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێگایەکی مەدەنیانە بۆ ئازادكردنی سێ گه‌نجه‌كه‌ بەرەو قەندیل چوون، بەڵام لەکاتی گەیشتنیان لەلایەن چەکدارانی پەکەکە چەکیان لێ ڕاکێشراوەو هەڕەشەیان لێکردوون وكه‌ بگەرێنەوە شوێنی خۆیان و بێده‌نگ بن و هیچ قسەیەکیان لێ وەرنەگرتوون.
 
شێخ یونس، بەرپرسی ناچەی پارتی دیموکراتی کوردستانی رواندز، ڕایگەیاند: ”ئێمە وەکو ئەرکی خۆمان هەر لەسەرەتاوە، سەرووی خۆمان ئاگادار کردەوە، هەوڵی ئەوەشمان داوە کە لە ڕێگەی ریش سپی و پیاو ماقوڵانی ناوچەکە داوا لە بەرپرسانی پەکەکە کراوە کە ئەو سێ گەنجەی بێ هۆکار دەستگیریان کردوون، ئازاد بکرێن“.
 
بەرپرسی ناچەی پارتی دیموکراتی کوردستانی رواندز،ڕاشیگه‌یاند:” داواكاری ڕیش سپی و پیاو ماقوڵانی سنوره‌كه‌ بێ سوود بووە، هیچ ڕێزێک و حیسابێکیان بۆنه‌كراوه‌و په‌كه‌كه‌ تەفاهومیان نییە، بەڵکو بەئەقڵیەتی خۆیان بڕیار دەدەن، تەنیا پێیان ڕاگەیاندووین تا لێکۆڵینەوەکانمان کۆتایی پێ نەهێنن ئازادیان ناکەین”.
Back to top button