جارێكی تر گۆڕان پشكی جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مان وه‌رناگرێت

 

مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق پشكی كورده‌و له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكی دیاریكراو نییه‌، ده‌شڵێت: “جارێكی دیكه‌ گۆڕان پشكی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وه‌رناگرێته‌وه‌”.

مه‌حمود محه‌مه‌د، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عیراق و به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ڵێت: “خولی گفتوگۆ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ بڵێین کۆبوونه‌وه‌کان کۆتایی هاتووه‌، کۆبوونه‌وه‌کان راوێژکارییه‌ بۆ ئه‌و کوتلانه‌ی‌ براوه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق.

وتیشی: “هه‌موو کوتله‌کان به‌رنامه‌یه‌کیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گفتوگۆ و پێکهێنانی کابینه‌ی‌ نوێ بیکه‌نه‌ به‌رنامه‌یه‌ک بتوانن له‌گه‌ڵ کوتله‌کانی دیکه‌ حکوومه‌ت پێکبهێنن. بابه‌تی به‌شداریکردن زیاتر له‌لای پارتی گرنگه‌، چۆن ده‌توانین وه‌ک کورد له‌به‌غدا شه‌ریکی راسته‌قینه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بین له‌ هه‌موو بواره‌کانی ده‌سه‌ڵات و بڕیار و سیاغه‌ی‌ قه‌رار و ته‌وافوق هه‌بێت له‌ ئه‌و به‌رنامانه‌ی‌ ده‌کرێت به‌ پرۆژه‌ یاسا و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌کورده‌وه‌ هه‌یه‌”.

له‌ باره‌ی نزیكی نێوان بارزانی و سه‌در، مه‌حمود محه‌مه‌د، ده‌ڵێت: “مه‌سه‌له‌ی‌ نزیک بوون و دووربوون ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و وتوێژه‌ی‌ ده‌کرێت له‌نێوانماندا، پارتی هێڵی سووری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک نیه‌ و ڤیتۆشمان له‌سه‌ر که‌س نیه‌، ره‌نگه‌ موقته‌دا سه‌در له‌پێشه‌نگی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌دا بێت به‌ته‌له‌فۆن ئه‌م بابه‌ته‌ی باس کردبێت، هه‌روه‌ها شانده‌که‌ی‌ ئێمه‌ش سه‌ردانمان کردبوو، هه‌ندێک شت له‌ لێدوانه‌کانی سه‌در ده‌خوێنرێته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی‌ سیاسیی نیه‌، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ عیراق فره‌ ئایینه‌ و فره‌ مه‌زهه‌به‌ و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌به‌رچاو بگیرێت”.

له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ وتی: “پۆستی سه‌رۆک کۆمار پۆستی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و پۆستی هیچ لایه‌نێکی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسییدا نیه‌، به‌دیاریکراوی نه‌ هی یه‌کێتییه‌ و نه‌هی پارتییه‌ و نه‌ هی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌یه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵ و چه‌ند خوله‌ بۆیه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان بووه‌، ئه‌و کاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی رێکه‌وتنێک کراوه‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌وان پۆستی سه‌رۆک کۆمار به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و پارتی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ببات”.

وتیشی: “به‌ڵام یه‌کێتی له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایی هیچ به‌هایه‌کی بۆ ئه‌م رێکه‌وتننه‌ نه‌هێشته‌وه‌، که‌ نه‌یهێشته‌وه‌ که‌واته‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وتوێژانه‌ی‌ له‌نێوان پارتی و یه‌کێتی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌کرێت، چونکه‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمار موڵکی یه‌کێتی و پارتی نیه‌، به‌ڵکو موڵکی هه‌موو هاوڵاتیانی کوردستانه‌، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بڕیار له‌سه‌ر دانانی سه‌رۆک کۆماری عیراق بده‌ن، چونکه‌ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردستان پارێزاو بکات وه‌ک چۆن سه‌رۆک وه‌زیران موڵکی شیعه‌کان چه‌ند به‌باشی به‌کاریده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت به‌ لایه‌نی شیعی بکات، یان وه‌ک چۆن سه‌لیم جبوری چه‌ند خزمه‌تی لایه‌نی سوننی کردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی و پارتی و هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌کرێت بۆ دیاریکردنی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عیراق”.

ده‌شڵێت: “ئه‌گه‌ر به‌ ئیمتیازات و زۆرینه‌ی ده‌نگ و کورسی بێت، ده‌بێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت”.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا جارێکی تر بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پۆستی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێته‌وه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د ده‌ڵێت: “پۆستی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان جاری پێشوو پشکی گۆڕان نه‌بووه‌ و به‌پێی خاڵ به‌ندیش به‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نه‌ده‌که‌وت، به‌ڵام پارتی بۆ نیشاندانی نیه‌ت پاکی ئه‌و پۆسته‌ی‌ خۆی دا به‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌به‌ر ئه‌و رێکه‌وتنه‌ی له‌نێوان پارتی و گۆڕان هه‌بووه‌ تا دڵنیا بن هیچ پۆستێک به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگ نیه‌ ته‌نها ته‌بایی نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ وا ده‌رنه‌چوو. جارێکی تر بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پۆستی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق وه‌رناگرێته‌وه‌”.

Back to top button