په‌كه‌كه‌ گه‌نجان ده‌ڕفێنێت و باج و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت

پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ سنووری قه‌ندیل و سیده‌كان ده‌ستیان به‌ جووڵه ‌كردووه‌ و سنووری خۆیان فراوان كردووه‌، ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی خۆجێیی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: “خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ترسی په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری كوردستان ئاواره‌ بوون و ژیان و ماڵوحاڵیان لێ تێكچووه‌، بۆیه‌ ده‌بێ به‌غدا له‌و بارەیە‌وه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت”.
 
ئاواز حه‌مید ئەفه‌ندی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێژنه‌ی ئاسایشی و ئه‌نجوومه‌نی خۆجێیی گوتی: “گرفتی ئه‌منی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دروست بووه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوون، ئه‌و سنوورانه‌ سنووری ئێمه‌ن كه‌چی ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ چه‌كداری په‌كه‌كه‌ی لێن‌ و ناشمانه‌وێت شه‌ڕی براكوژی دروست ببێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت به‌ هه‌ر جۆرێك هه‌یه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ چۆڵ بكات. ئەوان به ‌داگیركارییه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك و خاوه‌ن مێش و باخدار و ئاژه‌ڵدار لیستێكیان پێ داون به ‌پێی ئه‌و لیسته‌ ده‌بێ باج بده‌نه‌ په‌كه‌كه‌، ئه‌مه‌ دۆخێكی دروست كردووه‌ كه‌ خه‌ڵك بێزار بێت و نه‌توانێت به‌رده‌وام بێت له ‌ژیانی خۆی”.
 
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێژنه‌ی ئاسایشی و ئه‌نجوومه‌نی خۆجێیی گوتیشی: “په‌كه‌كه‌ ئیداره‌یه‌كی جیاوازیان دروست كردووه‌ و خه‌ڵك دادگایی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و حكوومه‌تی به‌غدا هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه‌، ناكرێت په‌كه‌كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌و سنوورانه‌ بیكات.”
 
جیا له‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ 500 گوندی باشووری كوردستانی داگیر كردووه‌، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ له‌ سنووری قه‌زای ڕواندوز سێ گه‌نجی ڕفاندووه،‌ وەکچۆن لە ڕابردوودا و لە ناوچەگەلی جیای باشووری کوردستان هەمان کاری کردووە، له‌ هه‌ندێك شوێنی دیكه‌ش بازگه‌ی سه‌ربازییان داناوە و باج و سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ شاره‌وانیی ئه‌و ناوچانه‌ دروست كردووه‌ و ڕێگایش نادات حكوومه‌ت خزمه‌تگوزاری بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ناوچانه‌، هیچ ڕێكخراوێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییش ناتوانێت سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ بكات، چونكه‌ به‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار ئه‌ژمار ده‌كرێن.
 
جیا له‌ سنووری قه‌ندیل و سیده‌كان، په‌كه‌كه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌ستی به‌ جووڵه ‌كردووه‌ و له‌ ناوچه‌كانی نزیك له‌ گوندی (یه‌ڵانپێ) و (هاوار) و (ده‌ره‌ی مه‌ڕ) بازگه‌یان داناوه‌ بۆ وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه‌ له‌ قاچاغ چییه‌كان.
Back to top button