ئاوات شێخ جه‌ناب:هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كورسییه‌كانی یه‌كێتی كه‌مده‌كات

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت، بەنایاسایی وەسفدەكات و سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند” یەکێتی لە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە شێوەی دەست، دەترسێت”.
ئاواتی شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “ئەگەر بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەنگی ھاووڵاتییان بکرێ، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەبێ کە ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کردووە، ھەرچەندە ئێمە چەندینجار ئاماژەمان بەوە کردووە کە یەکێتی ساختەکارییەکی گەورەی لە ھەڵبژاردنەکاندا کردووە، بۆیە من پێم وایە ئەگەر دەنگەکان بەدەست ھەژمار بکرێتەوە، کورسییەکانی یەکێتی کەم دەکات”.
ئەو ئه‌ندامه‌ی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاشیگەیاند: “یەکێتی یەکێکە لەو لایەنە سیاسییانەی لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان دەترسێ، چونکە لە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنیدا ساختەکاری کراوە، بیگومان بەھۆی ژماردنەوەی دەنگەکەکان بە دەست، کورسییەکانی یەکێتی کەم دەکەن”.
ئاوات شێخ جەناب، ده‌شڵێت:” بەھۆی ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست کورسییەکانی یەکێتی کەم ده‌كات وئەگەری ئەوەی ھەیە، یەکێتی کاردانەوەیەکی خراپی ھەبێت، دوا جار ئێمە ھیوادارین یەکێتی ھیچ مامەڵەیەکی لەو شێوەیەی نەبێت، بەڵام ئەگەر یەکێتی دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ھەر پەرچەکردارێکی ھەبێت، ناتوانن ھیچ لە دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن بگۆڕن”.
Back to top button