یه‌كێتی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان جارێکی دیکە داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکات،لایانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان جگە لە یەکێتی نیشتمانی، پێیان وایە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو وادەیە ئەنجامبدرێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کردووە.
 
ڕەفعەت عبدوڵڵا، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: “كۆمەڵێك ھۆكار ھەن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، یەكێك لەوانە گۆڕانكارییە لە یاسای ھەڵبژاردن، ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە ناكرێ سێ ھەڵبژاردن بەدوای یەكدا بكرێت، بۆ خەڵك ئەستەمە ھەموو رۆژ بانگەشەی ھەڵبژاردن بێت و بچێتە سەر سندووق، مانگی ئەیلوول ماوەی یاسایی خولی پەرلەمان كۆتایی دێت ھەروەھا لە كانوونی یەكەمی ئەمساڵ واتە لە مانگی كۆتایی ساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێت، بۆیە دەكرێ مانگێك ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت و ھەموو ھەڵبژاردنەكان پێكەوە بكرێت”.
 
مستەفا ئیبراھیم، ئەندامی دەزگای ھەڵبژادنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ده‌ڵێت: “ئێمە ئامادەییمان ھەیە و پێمان باشە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەكاتی خۆی بەڕێوەبچێت، ناكرێ دەستی دەستی پێبكرێ و دوابخرێت، چونكە كێ دەڵێ لە مانگی 12 شتێكی دیكە روونادات”.
 
لای خۆشیه‌وه‌ بژار بۆسكانی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری گووتی: “ھەرچەندە بەشداریكردنمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەیوەستە بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی 12 ئایاری پەرلەمانی عێراق، بەڵام وەك ھاوپەیمانی لەگەڵ ئەوەداین كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدرێت”.
Back to top button