داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی 9 ئاشكرابوو

خواكوڕك

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان راپۆرتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ مانگی 9 ئاشكراكرد و رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌ به‌های 36.10 دۆلار فرۆشراوه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، مانگى رابردوو رۆژانە 564 هەزار و 808 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە كۆی گشتی مانگه‌كه‌ ده‌كاته‌ ١٦ ملیۆن و ٩٤٤ هەزار بەرمیل نەوت بە بۆرى هەناردەکراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە داهاتى نەوت بۆ مانگى ئەیلولی رابردوو ٦١١ ملیۆن و ٧٦٤ هەزار دۆلار بووە. و دوای ده‌ركردنی خه‌رجی و قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت ته‌نها بڕی ٣٢٧ ملیۆن و ٦١٤ هەزار و ٩٦٩ دۆلارى بۆ حکومەتى هەرێم ماوەتەوە.

له‌ راگه‌یانراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان هاتووه‌، حکومەتى هەرێم بڕى ٧٥ ملیۆن و ٧٧٣ هەزار دۆلارى داوە بە کۆمپانیاکان و هەروەها بڕی ١٨٨ ملیۆن و٣٧٦ هەزار دۆلاریش قەرزی داوەتەوە و بڕى ٢٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ پترۆدۆلار و خەرجیەکانى تر خەرجکردووە.

Back to top button