به‌ڤیدیۆ.. كۆرپه‌یه‌ك له‌ دوای حه‌وت رۆژ له‌ زینده‌ به‌چالكردنی به‌ زیندووی ده‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌

 

پۆلیسی به‌رازیل كۆرپه‌یه‌كی تازه‌ له‌دایكبوویان له‌ پاركێكی نیشتیمانی ویلایه‌تی ماتوگرۆسۆ رزگاركرد، كه‌ ماوه‌ی 7 كاتژمیر بوو له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ زینده‌به‌چاڵ كرابوو.

ئه‌فسه‌رانی پۆلیس توانییان ئه‌و كۆرپه‌یه‌ كه‌ ره‌گه‌زی كچ بوو و هێشتا ناوكه‌ په‌تكه‌كه‌ی پێوه‌ بوو، له‌ قووڵایی 50 سانتیمه‌تر له‌ژێر لم له‌پشت خانوویه‌كی ناو پاركه‌كه‌ رزگار بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی سایتی گلۆباڵ، پۆلیسی ئه‌و ویلایه‌ته‌ ئاشكرایكردووه‌، راپۆرتێك له‌باره‌ی زینده‌به‌چاڵكردنی ئه‌و كۆرپه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیاریان پێ گه‌یشتووه‌ و، دوای گه‌یشتنیان بۆ شوێنی زینده‌به‌چاڵكردنی كۆرپه‌كه‌، توانیویانه‌ قوربانییه‌كه‌ به‌ زیندوویی رزگار بكه‌ن.

پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی كۆرپه‌كه‌یان رزگاركردووه‌، نه‌نكی كۆرپه‌كه‌یان به‌تۆمه‌تی هه‌وڵی كوشتن ده‌ستگیر كردووه‌.

له‌ لێدوانێكیشدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، پاولۆ رۆبێرتۆ دوبرادۆ، داواكاری گشتی ئه‌و ویلایه‌ته‌ رایگه‌یاندووه‌، “به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دۆسیه‌ ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی پشتڕاستی بكه‌ینه‌وه‌ ئاخۆ‌ رووداوه‌كه‌ هه‌وڵێكی كوشتن بووه‌، یانیش ئه‌نجامده‌ران له‌و باوه‌ڕه‌دابوونه‌ كۆرپه‌كه‌ مردووه‌”.

خانه‌واده‌ی ئه‌و كۆرپه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ هۆزی كامایۆرایه‌، به‌ پۆلیسیان راگه‌یاندووه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 6ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌ دایكێكی 15 ساڵان له‌دایك ده‌بێت، سه‌ری به‌ر زه‌وی ده‌كه‌وێت و له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ هیچ جووڵه‌یه‌كی نه‌بووه‌، وایانزانیوه‌ مردووه‌.

به‌ڵام به‌هۆی بچووكی ته‌مه‌نی دایكی كۆرپه‌كه‌ كه‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌ رێگه‌ نادات ئافره‌ت له‌ ته‌مه‌نی 15 ساڵی به‌شوو بدرێت و منداڵی ببێت، پۆلیس گومانیان له‌و پاساوه‌ی خانه‌واده‌كه‌ هه‌یه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ باوكی كۆرپه‌كه‌ ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ هی ئه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت منداڵه‌كه‌ به‌مه‌به‌ست زینده‌به‌چاڵ كرابێت.

پۆلیس راشیگه‌یاندووه‌، دوای رزگاركردنی، منداڵه‌ تازه‌ له‌دایكبووه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و به‌هۆی دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمای له‌شی و بوونی كێشه‌ له‌ كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ی، خراوه‌ته‌ ژێر چاودێری چڕی پزیشكی و، ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌ش سه‌رپه‌رشتی چاره‌سه‌ركردنی ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دوای ده‌ستگیركرنی دایك و نه‌نكی كۆرپه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك، دووباره‌ ئازاد كراون تا ئه‌وكاته‌ی دادگا كه‌یسه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌.

Back to top button