مه‌سرور بارزانی: عێراق سەقامگیر و سەرکەوتوو نابێت ئه‌گه‌ر به‌عه‌قڵیه‌تی خۆسه‌پاندن كار بكرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠/٦/٢٠١٨ مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردنی لە ئایاکوب برادا، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کە تێیدا پەرەسەندنە سیاسییەکان و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان و میکانیزمی عێراقێکی سەقامگیر و بووژاوە تاوتوێ کرا. ئاماژەی بەوە کرد: “کێشەکانی عێراق لە ئەنجامی ھەڵبژاردن گەورەترن”.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: “وەک ھەرێمی کوردستان، ھیچ کێشەیەکمان لەسەر بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان نییە و لە سەرەتاشەوە ئەوەمان راگەیاندووە، بەڵام کێشەمان لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کە پێشێلکارییەکی زەقە بەرامبەر مافی دەنگدان”.

ئەوەشی نەشاردەوە کە “بە عەقڵیەتی خۆسەپاندن و رەتکردنەوە و داننەنان بە مافی گشت پێکھاتە جیاوازەکان، عێراق سەقامگیر و سەرکەوتوو نابێت”.

لەبارەی رۆڵ و مەرجی ھەرێمی کوردستانیشەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەجێندای ھەرێم و ڕای گەیاند: ”ھەرێمی کوردستان ڤیتۆی لەسەر ھیچ هاوەپەیمانێتی و کەسێک نییە، کێ ئامادەی جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی بێت و کار بکات بۆ جێبەجێکردنی دەستوور وەک یەک پاکێج، پشتیوانی لێدەکات”.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەنێوان رۆمانیا و ھەرێمی کوردستان بە گرینگ وەسف کرد و رایگەیاند، لە پێناو عێراقێکی سەقامگیر و بوژاوە، ناکرێت رۆڵی کورد لەبەرچاو نەگیرێت.

Back to top button