تره‌مپ گه‌یشته‌ سه‌نگاپور

ئێستا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا له‌ سەنگاپورایه‌،ئامانج لەسەردانەكەی ترەمپ-یش، ئەنجامدانی كۆبونەوەی لوتكەیە لەگەڵ كیم جۆن ئونگ-ی سەرۆكی كۆریای باكور كە ئەمەی دواییان پێشت ترەمپ گەیشتبووە سەنگاپور.
 
لەساڵی 1950 و لەگەڵ جەنگی نێوان هەردوو كۆریاكە ( باكورو باشور)، دوژمنایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆریای باكور تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، بەجۆرێك لەو ماوەیەدا رێنەكەوتووە كە هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی لەگەڵ سەرۆكی ئەو ڵاتەدا كۆبووبێتەوە یاخود تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنیشی ئەنجامبدابێت.
 
ئەوەی وایكردووە، ترەمپ و كیم ناویان بچێتە مێژووەوە، كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەیانە لە دوورگەی (سنتۆسا)ی گەشتیاری كەبڕیارە كاتژمێر 4ی بەیانی سێشەممە ئەنجامی بدەن.
 
كیم جۆن ئونگ، دوای گەیشتنی بۆ سەنگافورەو كۆبونەوەی لەگەڵ لی هسیین لۆنگ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی” مێژوو ڕۆڵی سەنگاپور بەرز ڕاگەدرێت ئەگەر هاتوو لوتكەكەی لەگەڵ ترەمپ سەركەوتووە بوون”.
 
هاوكات بڕیارە، ترەمپ دوای گەیشتنی، لەگەڵ سەرۆكی سەنگاپور كۆبێتەوە.
 
بەگوێرەی بەیاننامەی كۆشكی سپی بێت، ترەمپ و تیمەكەی یاوەری لە هۆتێل شانگری لا دەمێننەوە.
 
لە لوتكەی نێوان ترەمپ و كیم دا باسی چی دەكرێت
 
بڕیارە ترەمپ و كیم لە كۆبونەوەی دووقۆڵی نێوانیاندا تاوتوێی چەكە كیمیاوییەكانی كۆریای باكورو پرۆسەی ئاشتی لە نیوەدوورگەی كۆریا بكەن.
 
ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە پیۆنگ یانگ لەماوەی چەند دەیەیەی ڕابردوودا توانا ئەتۆمییەكانی خۆی پەرەپێداوە بەجۆرێك لە 2017 دا تاقیكردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی ئەنجامدا، هەروەك سەركەوتنی بەدەستهێنا لەتاقیكردنەوەی جۆرێك لە مووشەك كە توانای هەیە بگاتە خاكی ئەمریكا.
 
لەئێستاشدا زۆربەی چاودێران لەو بڕوایەدان، ئەستەم بێت كیم بەتەواوی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی بێت، دەشڵێن، هەوڵەكانی ئەو سەركردە لاوە بەو ئاڕاستەیەن كە بتوانێت وا لە ئەمریكا بكات كەمێك لە سزائابورییەكانی سەر كۆریای باكور سوك بكات.
 
سەبارەت بە ترەمپ-یش، سەركەوتنی ئەو كۆبونەوەیە، دەسكەوتێكی گرنگ دەبێت بۆی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و، پێش هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەو وڵاتە كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.
 
ساڵی ڕابردوو، ئەمریكاو كۆریای باكور بەجۆرێك ململانێكانی نێوانیان توند بوەوە كە بۆنی هەڵایسانی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات دەكرا، تا ئەوەی لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا ، كیم جۆن ئون دەستپێشخەری ئەنجامدانی كۆبونەوەی كرد لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و تاوتوێكردنی داماڵینی چەكی ئەتۆمی وڵاتەكەی، هەر زووش ئەو دەستپێشخەریە لەلایەن ترەمپ-ەوە قبوڵكرا.
 
پێنجشەممەی ڕابردووش، ترەمپ ڕایگەیاند: دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتن ئاسایی ببنەوەو تەنانەت كیم سەردانی ئەمریكا بكات، ئەگەر هاتوو دەستبەرداری چەكە ئەتۆمییەكانی بوو.
 
ترەمپ گوتیشی” دەكرێت پەیوەندییەكان بگەنە ئاستی واژۆكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ كیم بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی كۆریا كە تا ئەم ساتەوەختە بەئاگربەست كۆتایی پێهێنراوە نەك پەیماننامە”.
Back to top button