سوید …به‌رپرسێكی باڵای گۆران ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

فه‌رهاد عه‌لى به‌رپرسى رايه‌ڵه‌كانى سويد له‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ستی له‌كاركێشايه‌وه‌ و رايگه‌ياند، “بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌يتوانى فۆرمێكى نوێ بهێنێته‌ ژيانى سياسييه‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستانيش رووبه‌ڕووى شكستێكى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه”‌.
 
به‌رپرسى رايه‌ڵه‌كانى سويدی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ نامه‌یه‌كیدا ئاراسته‌ی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی و خانه‌ی ڕاپه‌راندنی كردووه‌ نوسیویه‌تی و ده‌لێت:” “كارى سياسى گۆڕان به‌ شێوه‌يه‌كى ته‌نازولى به‌ره‌و خوار داده‌به‌زێت و به‌ شێوه‌يه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق پشتڕاستكردنه‌وه‌ى بۆچوونى من و زۆرێك له‌ هه‌وادارانى بزووتنه‌وه‌كه‌ش بوو”.
 
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى و ده‌شڵێت: “ئێمه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كارمان بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌ كردووه‌، نه‌مان توانيوه‌ ئه‌و به‌ربه‌ست و شێوه‌ى كاركردنه‌ ته‌قليدييه‌ تێپه‌ڕێنين كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردييه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌وروپى خاوه‌ن سيستمى ديموكراتى دا ده‌ژين و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى رێكخراوه‌يى پێشكه‌وتوو، كه‌ ده‌كرا وه‌ك قوتابخانه‌يه‌كى ئه‌كاديمى سياسى سوودمان لێ وه‌ربگرتايه‌، به‌ڵام نه‌ك نه‌مان توانى به‌ڵكو زۆر به‌ ئاستێكى نزمى ناڕێكخراوه‌يى ناته‌ندرووستى پڕ ململانێ كه‌ بێگومان ره‌نگدانه‌وه‌ى سياسه‌تى ناوخۆى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ى وڵات و لێره‌ش ره‌نگده‌داته‌وه‌”.
 
فه‌رهاد عه‌لی به‌رپرسى رايه‌ڵه‌كانى سويدی بزوتنه‌وه‌ی گۆران نوسیوشیه‌تی ” ره‌وه‌ندى كوردى له‌وه‌ تێگه‌يشتووه‌، كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌ ناتوانێت كۆكه‌ره‌وه‌ى ده‌نگ و ره‌نگى بێت، به‌ڵكو تا راده‌يه‌ك ره‌وه‌ندى كورديشى له‌ كاره‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان دابڕيوه‌”.
 
له‌ كۆتای نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا به‌رپرسى رايه‌ڵه‌كانى سويدی بزوتنه‌وه‌ی گۆران نووسيويه‌تى: “ناتوانم درێژه‌ به‌ كارى رێكخراوه‌يى له‌ ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌ بده‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت دووره‌ له‌ كارى رێكخراوه‌يى و هه‌موو ديسپلينێكى حيزبييه‌وه.. دڵنيام، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا باجى گه‌وره‌ ده‌دات و ناتوانێت خۆى رابگرێت ئه‌ويش له‌ ئه‌نجامى شێوه‌ى كاركردنييه‌تى، كه‌ نه‌يتوانى فۆرمێكى جياوازى هه‌بێت‌”.
Back to top button