یه‌كێتی زانایان له‌ باره‌ی داخستنی كه‌ناڵی سرووشت به‌ وه‌ڵام هات.

یەکێتیی زانایانانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەبارەت به داخستنی کەناڵی سروشت ناڕەزایی دەربڕی و لەمبارەیەوه بەیاننامەیەکی دەرکرد:

ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیه:

“بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی ئێوارانەی مانگی رەمەزاندا، مامۆستا مەزھەر خوڕاسانی چەند قسەیەکی پەیوەست بە ئافرەتانی کردبوون، شەپۆڵێکی ناڕەزایی دژی قسەکانی بڵاوبوویەوەو، وەکو سووکایەتیکردن بە ئافرەت شرۆڤە دەکران، ھەرچەندە مامۆستا نکۆڵی لێدەکات و پێی وایە ئەمە سیاقی چیڕۆکێکە بە ئەنقەست بەم ئاقارە بردراوە، ئەوەی مایەی سەرنجە وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریداوە کەناڵەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دابخات، ئەم کارە نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیەوە ھێنا، چونکە راگرتنی کەناڵەکە سزادانی بە کۆمەڵە بۆ تەواوی کارمەندان و پێشکەشکارانی بەرنامەکان و تەواوی ئەو خەڵکەی رۆژانە موتابەعەی بەرنامەکانیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر باسەکە سوکایەتیکردن بێت بە ئافرەت و مرۆڤ، چەندین کەناڵی ناوخۆیی و ئاسمانی ھەن، رۆژانە بەرنامەی تایبەت و فیلم و زنجیرە دراماکانی بێگانە بەتایبەتی تورکی بڵاودەکەنەوە، کە وێرای سوکایەتیکردن بە ئافرەت، خێزان فێری خیانەت و تێکدانی شیرازەی خێزانی دەکەن و، بەھا جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە بەرنامەدارێژراوی بەرەو ھەڵدێرو شڵەژان دەبەن. لەلایەکی تریشەوە چەندان کەناڵی تیڤی و رۆژنامەو گۆڤار لە رابردوو و لە ئێستادا خەریکن بێرێزی بەرامبەر ھەموو پیرۆزییە ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەکەن و بە مانگی پیرۆزی رەمەزان لە پەنای بەرنامەی شرۆڤەی ئایینییەوە خەریکی دروستکردنی گومانن لەسەر ئیسلام و، رۆژانە خەڵک بێزاری خۆیان لێ دەردەبڕیت، بۆیە ھەموومان چاوەڕوان بووین وەزارەتی رۆشنبیری ھەنگاوی جددی بۆ ئەم کارانە بھاوێت.

لە کۆتاییدا داوادەکەین پێداچوونەوە بکرێت بەم بڕیارەی راگرتنی کەناڵی (سروشت)و ئەو سزادانە بە کۆمەڵە رابگرن.”

Back to top button