دانیشتنی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی كوردستان دواخرا

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیار بوو سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسای په‌رله‌مانی كوردستان به‌ریوه‌ بچێت,جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكه‌ چونكه‌ پَویستی به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری حكومه‌ت هه‌یه‌, سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی كوردستان دواخراوه‌.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانتارانی كردووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌، رای گه‌یاندووه‌ “له‌و ڕوانگه‌یه‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق، هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی دارایی و پێویسته‌ تیمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت وه‌زیری دارایی و ئابووری ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ ناتوانێت ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بێت”.
به‌پێی نووسراوه‌كه‌ “پاڵپشت به‌حوكمی بڕگه‌ی 2 له‌ماده‌ی 17 و بڕگه‌ی 1 ی ماده‌ی 18 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ژماره‌ 1 ی ساڵی 1992 ی هه‌مواركراو، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ 1 ی ئاسایی بۆ كاتێكی تر كه‌ بڕیاربوو ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 12/6/2018 ئه‌نجامبدرێت”.

Back to top button