بە ھۆی داعش و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ كورد گوندەكانی خانەقین چۆڵ دەكات

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كشاونەتەوە و حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكانی لێیە و دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، داعشیش بە ھۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنییەوە، جارێكی دیكە دروست بووەتەوە، لەلایەك داعش ھەڕەشە لە كورد دەكات و لە لایەكیش حەشدی شەعبی ناوچەكانی بەعەرەب دەكات.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی١٥ی پارتی لە خانەقین، ڕایگەیاند: “ماوەیەكی زۆرە كوردانی سنووری قەرەتەپە و جەبارە و سنووری خانەقین خۆیان پارێزگاری لە خۆیان دەكەن و چەكیان ھەڵگرتووە، پێش چەند رۆژێكیش خەڵكی گوندەكانی سنووری قەرەتەپە سێ چەكداری داعشیان دەستگیر كردن و رادەستی ھێزە ئەمنیەكانیان كردوون، دوای ئەوە داعش ھێرشی كردە سەر ئەو گوندانە و ھەڕەشەی لێیان دەكرد، بۆیە بە ناچاری گوندەكان دەستیان كردووە بە چۆڵكردن و تا ئێستا سێ گوند چۆڵ كراون و ھەڕەشە لەسەر چەندین گوندی دیكەیش ھەیە، كە ئەوانیش چۆڵی بكەن، چونكە پێشمەرگەی لێ نییە و ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش پارێزگارییان لێ ناكەن، داعشیش بە ئاشكرا لە ناوچەكەدا بوونی ھەیە”.
 
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی لە خانەقین، ڕاشیگەیاند:ماوەی چەند رۆژێكە حەشدی شەعبی لە سنووری گوڵەجۆ لە گوندەكانی پاڵانی، عەرەبێكی زۆریان ھاوردە كردووە و ھەڕەشە لە كوردەكان دەكەن كە پێویستە ئەو گوندانە چۆڵ بكەن و رادەستی عەرەبەكانیان بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش بەڵگەمان لە بەر دەستدایە، بۆیە پرۆسەی بەعەرەبكردن جارێكی دیكە دەستی پێ كردووەتەوە “.
 
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕوونیشی كردەوە: “لەلایەك داعش و لەلایەك حەشدی شەعبی، ھەڕەشەی چۆڵكردنی گوندەكان لە كوردەكان دەكەن و، ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، كوردەكان ناچارن ئەو گوندانە چۆڵ بكەن، چونكە تەنھا خۆیان دەپارێزن و كەس نییە پارێزگاریان لێ بكات”.
Back to top button