تره‌مپ و كیم جۆنگ رێككه‌وتن.

ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکوور ئاشکرا دەبێت كه‌ تێیدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك و هه‌ردوولا كۆبونه‌وه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانی زۆر به‌گرنگ وه‌سفده‌كه‌ن.”

کاتژمێر 1:45 خولەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 12/6/2018 بە کاتی سەنگافورە (کاتژمێر 8:45 خولەکی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.

ئاژانسی هەواڵیی فەرەنسی (فرانس پرێس)، ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاو کردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون واژۆیان لەسەر کرد.

ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە:

– پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کۆریای باکوور بەرەو پێش دەبرێن.

– کیم جۆنگ ئون بەڵێنی داماڵینی چەکە ناوکییەکانی وڵاتەکەی دەدات.

– ئەمریکا بەڵێنی پاراستن و گەرەنتیکردنی ئاسایشی کۆریای باکوور دەدات.

– ئەمریکا و کۆریای باکوور هەماهەنگیی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.

– هەردوو سەرۆک چاودێریی کۆبوونەوەکانی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان دەکەن.

رێککەوتننامەکە لەلایەن چاودێرانی سیاسیی نیودەوڵەتی بە مێژوویی ناودەبرێت، چونکە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕێکی گەورەی جیهانی، دوور خستەوە.

دۆناڵد ترەمپ دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، کیم جۆنگ ئونی بانگهێشتی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) کرد و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، گفتوگۆی زۆر باش لەنێوانیان بەڕێوە چوو.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 10/6/2018، کیم جۆنگ ئون بە فڕۆکە تایبەتەکەی لە فڕۆکەخانەی پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی چانگی لە سەنگافوورە و شەوی یەکشەممەش دۆناڵد ترەمپ گەیشتە سەنگافوورە.

بە دانوستاندن و رێککەوتنی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانی لادەچێت، لەکاتێکدا پێش چەند مانگێک، هەردوو سەرۆک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکیان لە دژی یەکتر، دەکرد.

Back to top button