ڤیدیۆ: بزانە كێ رێی بەسوپای توركیا داوە بێتە ناو خاكی عێراق

خواكوڕك
بەگوێرەی لێكتێگەیشتنێك لەنێوان حیدەر عەبادی و ئەحمەد داود ئۆغلو سەرۆك وەزیراتی پێشووی توركیا هێزەكانی سوپای توركیا لە بەعشیقە دەبێت راهێنانی سەربازی بە هێزی پۆڵیسی مووسڵ و حشدی وتەنی بكەن.

پاش ئەو هەرەشە تووندانەی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە لەسەر سوپای توركیا لەشەڕی مووسڵ هەیە، توركیا بەشێوەیەكی ئیستفزازی گوتی حكومەتەكەی بەغدا و پەرلەمانەكەی هەرچی دەلێن با بلێن هێزی توركیا پاشەكشە ناكات، عێراقیش داوای لەنەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لەسەر ئەو پرسە بێتە دەنگ.
دوای ئەوەی داعش مووسڵی كۆنتڕۆڵ كرد ئەو رێكەوتنە لەنێوان حیدەری عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا كرا هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو هێزێكی توركیا گەیشتنە ناوچەكانی بەعشیقە و لەوێ لە سەربازگەی زەلكان دەستیان بە مەشق و ڕاهێنانی ئەندامی پێشووی پۆلیسی مووسڵ كردەوە، تا بە تەواوی بۆ شەڕی رزگاری مووسڵ ئامادە بكرێن.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكان، هێزەكەی توركیا بە لێكگەیشتن و بە ڕەزامەندی بەغدا هاتووەتە ناوچەكە و خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراقیش سەردانی سەربازانی توركیای لە سەربازگەی زەلكان كردووە و هیچ كێشەیەك لەو ڕووەوە نەبووە.

لە مانگی كانوونی یەكەم/ یەنایەری 2015 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم سەردانی بۆ ئەنكەرە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا دەڵێ، داوامان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە پشتیوانیمان بكەن، بە پشتیوانی ئاسمانی و مەشق پێكردنی هێزەكانمان، هاوكات چاوەڕی لە توركیا و سەرۆك وەزیرانی توركیاش دەكەین لەو ڕووەوە هاوكاریمان بكەن.

هەروەها دەڵێ، سەرۆك وەزیران ئامادەیی تەواوی توركیای لە ڕووەوە دەربڕیوە لە پێشكەشكردنی ئەو هاوكارییانە لە بواری تەناهی و هەواڵگری و سەربازی بۆ مەشق پێكردن، هەروەها بۆ ئامادەكردن و چەك ڕەوانەكردنیش.

Back to top button