نه‌جمه‌دین كه‌ریم : گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌س ده‌نگیان نابیستێت و خه‌ریكی پڕوپاگه‌نده‌كردنن بۆخه‌ڵكی دیكه‌

نه‌جمه‌دين كه‌ريم پارێزگارى پێشووى كه‌ركووك له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا رايگه‌ياند: “پێويسته‌ ره‌وشى كه‌ركووك ئاسايى بكرێته‌وه‌ و ئێستا كه‌ركووك داگيركراوه‌و پێويسته‌ مه‌رجى چوونه‌وه‌ى كورد بۆ به‌غدا ئاسايكردنه‌وه‌ى ره‌وشى كه‌ركووك بێت”. داواشيكرد، “كورد له‌ كه‌ركووك خۆى ئاماده‌ بكات بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو و درووستكردنى ليستێك بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نێكى نوێى پارێزگا”.
 
پارێزگارى پێشووى كه‌ركووك ڕاشیگه‌یاند: “ئه‌وانه‌ى بوونه‌ هۆى ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر كه‌ركووكدا هات، ئێستا كه‌س ده‌نگيان نابيستێت، كه‌س نازانێت له‌ كوێن. خه‌ريكى پڕوپاگه‌نده‌كردنن بۆ خه‌ڵكى ديكه”‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌ كارى سياسى و كوردستان، نه‌جمه‌دين كه‌ريم گوتى: “ئه‌وه‌ى من ده‌ناسێت، ده‌زانێت رۆژێك له‌ رۆژان له‌ ميلله‌ته‌كه‌م دوور نه‌كه‌وتوومه‌ته‌وه. له‌ ئه‌مريكاش به‌ گيرفانى خۆم له‌گه‌ڵ گه‌لى خۆم بوومه‌. سه‌ركرده‌كانى باكوور و باشووريش ده‌زانن. ناتوانم له‌ ميلله‌ته‌كه‌ى خۆم دوور بكه‌ومه‌وه و ئه‌وه‌ له‌ گيان و خوێنمه‌”‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ دۆخى كه‌ركووك نه‌جمه‌دين كه‌ريم ده‌ڵێت: “كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم، داگيركراوون. ره‌وشيان ناله‌باره. دۆخيان ئاسايى نييه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ش ده‌بێت به‌ جۆرێك بێت بتوانيت له‌وێ خزمه‌ت بكه‌يت. رێگرى له‌ سته‌م بكه‌يت”.
 
نه‌جم الدین كریم پاڕێزگای پێشوی كه‌ركوك له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و به‌شداری كورد گوتى: “ده‌بێت مه‌رجى يه‌كه‌مى كورد بۆ چوونه‌وه‌ به‌غدا ئه‌وه‌ بێت، ره‌وشى ناوچه‌ كوردستانييه‌كان ئاسايى بكرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ نه‌بێت، كورد به‌شدارى هه‌ر حكومه‌تێك له‌ به‌غدا بكات، ماناى داننانه‌ به‌و ره‌وشه‌. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌يه‌نێت، كه‌ ئه‌و لايه‌نانه‌ راستيان نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ كورد له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانى ديكه‌”.
Back to top button