دوای 11 رۆژ له‌ بێ‌ سه‌روشوێنكردنیان پەكەكە سێ گەنجەكەی شارەدێی وەرتێ ئازاد دەكات

 

دوای 11 رۆژ له‌ دەستگیركردنی سێ گەنجی دانیشتووی شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز لەلایەن ھێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەمڕۆ ئازاد كران.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی وه‌رتێ‌ رایگەیاند: “دوای هەوڵ و کۆششی زۆری کەسوکاریان و دەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی ناوچەكە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەو سێ گەنجەی دانیشتووی شارەدێی وەرتێ كە لەلایەن ھێزەكانی پەكەكە دەستگیركرابوون ئازادكران”.
هه‌روه‌ها (خواكوڕك) له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ستی كه‌وتووه‌: “پێش ئازادکردنیان پەکەکە بەڵێننامەی بەو گەنجانە واژووکردووە کە نابێت بەهیچ جۆرێك زانیاری دەربارەی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەو ئەو شوێنەی لێی بەندکرابوون بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا بکەن”.

:هه‌روه‌ها (خواكوڕك) زانیویه‌تی “ئەو سێ هاووڵاتییە لەیەکێك لە زیندانەکانی پەکەکە لەبناری قەندیل زیندانی کرابوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە”.

ئێوارەی رۆژی شەممە 2/6/2018 سێ هاووڵاتی شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندزی كە لە تەمەنی گەنجیەتی دان بەناوەكانی، عومەر عەبدوڵڵا مەحموود، لە دایكبووی ساڵی 1995 و هەڵگورد حەمەدەمین عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی 1995 و دانا خدر هەمزە، لەدایکبووی ساڵی 1998، بۆ ھێنانی قارچك چوونە بوونە كوێستانی چیای كارۆخ، لەوێ لەلایەن ھێزەكانی پەكەكە دەستگرکران و دوای چەندین جار داوای كەسوكاری و ھەوڵی دەزگا ئەمنی و ئیدارییەكانی سنوورەكە، ئەمڕۆ ئازادكران.

Back to top button