دژەکانی سەقامگیری و پێکەوەژیان
د. ڤیان سلیمان
لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی قەیرانی دارایی و هێرشی درندانەی تیرۆریستانی داعش هەلومەرجێکی ناهەموار هاتووهتە کایەوە. باری داراییی هاونیشتیمانیانی کوردستانی دووچاری بارودۆخێکی سەخت کردووهتەوە، حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە چەندین رێکار بە جەختێکی زۆر و رەنجێکی زۆرەوە، لە هەوڵی باشکردن و ڕاگرتنی بارودۆخی کوردستانن. بە تایبەت بە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز (مەسعوود بارزانی) کوردستان لە مەترسیی داعش و پیلانی داگیرکردنی کوردستان رزگاری بوو، بەڵکو کوردستان بوو بە ناوەندێکی گرینگ لەسەر ئاستی جیهان و کۆتایییش بەو گوتەیە هات کە دەگوترا تەنیا چیاکان دۆستی کوردن.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، چەند هێزێک لە کوردستان بە رێنماییی کەسانێکی دیاریکراو لە شێوەی بەرەیەکدا، کە دەتوانین بڵێین بەرەی دژایەتیکردنی حکوومەت و دەستکەوتەکان و سەرکەوتنەکان و ئێستا و رابردوو، تەنانەت ئایندەشن و، بەردەوام کار لەسەر بڵاوکردنەوەی رەشبینی، نائومێدی، چاندنی رق و هەستنەکردن بە بەرپرسیارەتی لە نێو هاونیشتیمانیان، لاوازکردنی ئینتیما بۆ نەتەوە و نیشتیمان، هەڵوەشانەوەی بنەماکانی پێکەوەژیانی بیروڕا جیاوازەکان، تێکدانی سهقامگیریی دەروونیی تاک و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن.
لە ساڵی رابردودا لە ناوچەکانی قەڵادزێ و رانیە و گەرمیان، لەژێر ناوی خۆپیشانداندا، پەلاماری بارەگاکانی پارتیان دا و کادری پارتی شەهید کران و توندوتیژی و سوتان ئەنجام درا. داواکاریی هاووڵاتیانیان بۆ مەبەستی خزمەتکردنی ئەجێندای ترسناکی خۆیان بەکار هێنا و، ویست و مەبەستی سیاسیی خۆیان تێکەڵ بە خواستی جەماوەر کرد و، نیشانەی پرسیاریان خستەسەر ئاستی رەواییی خۆپیشاندانەکان، تەنانەت منداڵی خوار هەژدە ساڵیان لەو خۆپیشاندانانە بۆ مەبەستی خۆیان بەکار هێنا و، منداڵێکی بێتاوانیش بوو بە سوتماکی جێبەجێکردنی پیلانەکانیان.
كاركردن بهم ئاراستهیه و هاندانی خهڵك و یاریكردن به ههست و سۆزیان، بڵاوکردنەوەی بێهیوایی و رەشبینی بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدۆلۆجی تا ئێستایش بەردەوامە و دیارە، کە ئاکامی ئەم سیاسەتەش ئەگەر پێشگیری لێ نەکرێت، دەرەنجامی ترسناکی دەبێت و، کاریگەری دەبێت لەسەر باری سایکۆلۆجیی تاک و، کۆمەڵ بەرەو توندوتیژی و ئاژاوە و سڕینەوەی بەرانبەر دەبات و، ئەو سەقامگیری و پێکەوەژیانەی، کە لە کوردستان هەیە دەخاتە مەترسییەوە. دەستبردنیش بۆ تێکدانی سەقامگیری و پێکەوەژیان مەترسییە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی نیشتیمانی.
هەربۆیە کاتی ئەوەیە کە هاونیشتیمانیان بزانن، کە ئەوەی خەمی ئەو بەرەیە گوزەران و ئاسایش و ئۆقرەییی هاونیشتیمانی نییە، بەڵکو ئەم بەرەیە پیلان و ئەجێندای خۆیان هەیە و دەیانەوێت جەماوەر بکەن بە پەیژە بۆ سەرکەوتنی خۆیان، کە بێگومان لەمەدا شکستیان هێنا و، خۆپیشاندانەکانی 27/9 ئەوەی سەلماند و، چیدیکە جەماوەر بڕوا بەو هێزانە ناکات کە راست ناڵێن، دواجاریش ئەوە سەرۆکی کوردستانە شکۆی کوردستان رادەگرێت، پێشمەرگەیە کوردستان دەپارێزێت، دامودەزگاکانی ئاسایشن ئارامی و سەقامگیریی هاونیشتیمانیان دەپارێزێت، حکوومەتی هەرێمە لە خەمی باشکردنی گوزەرانی خەڵکدایە.