باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی 40 هەزار دۆلار بە ئۆتۆمبێل دەدات بۆ ئەندامانی
خواكوڕك
بەگوێرەی زانیاری میدیایی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کڕیوە و ژمارەیەکی دیکەشیان پێشتر بۆیان کڕدراوە، لەناو ئەو فراکسیۆنەی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێل بۆ ئەو سێ پەرلەمانتارەش کڕدراوە کە بڕیاری جیابوونەوەیان دا و دواتر بۆ ناو یەکێتی گەڕانەوە، بەڵام بۆ ئەکرەم شەریف نەکڕدراوە کە بەوە ناسراوە، لە باڵی ناوەندی بڕیارەوە نزیکە.
هەربەگوێرەی زانیاریەكان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کڕدراون، لە جۆری تۆیۆتا -پڕادۆ و فۆرچنەرن، بەپێی زانیاریەكان هەریەكە لەو ئۆتۆمبێلانە، نرخی زیاتر لە چوار بۆ پێنج دەفتەر دۆلارە كە خواكوڕك بە كەمترین نرخ خەملاندوویەتی بری ئەو پارەی كە سەرف كراوە زیاتر لە 40 هەزار دۆلارە.
محەمەد رەسوڵ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر هەمان پرس بە ماڵپەری باسی ڕاگەیاندووە، پێشتر کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەن ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەرگرتبوو، ئێستا بەشێکی دیکە وەریان گرتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە بە ناوی ئیدارەی گشتی دراون بە ئەندامانی ئەنجومەن لە فراکسیۆنی یەکێتی. گوتیشی: “تا ئێستا ھەندێ لە ئەندامانی ئەنجومەن ماون کە ئۆتۆمبێل وەربگرن، ئۆتۆمبێلەکان بە تاک تاک دراون، بۆیە جۆرەکانیان جیاواز بووە”.
ئەو ئەندامەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەتی کردەوە کە پێدانی ئەو ئۆتۆمبێلانە پەیوەندی بە باڵباڵێنەوە ھەبێت و جیاوازی کرابێت لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن، گوتی: “ھەموومان یەک فراکسیۆنین، کاک ئەکرەمی لێ دەرچێت کە خۆی پێشتر سەرۆکی ئەنجومەن و کارگێڕی مەڵبەند بووە لە شارەزوور، سەیارەی مەڵبەندی پێ بووە، برادەرانی دیکە وەریانگرتووە و جیاوازی نەکراوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بایكۆت تەواوی پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە لەبەر نەبوونی مووچە و بووجە و بێ كاری لەو پارێزگایە .