تای ڕیفراندۆم و گەشکەی ھەڵبژاردن.

ئەردەڵان ھەڵەبجەیی
پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی شێوازی بەڕێوەچونی چۆن زۆرینەی کوردستانیانی دڵخۆش کرد،کەمینەیەکی تریشی توشی تای بەرز کرد،ئەو کەمینە پێچەوانەی ناوەندو سەنتەرە نێودەوڵەتیەکان و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە بیانیەکانی چاودێری پرسەکە کە ئاماژەیان بە شێوازی سەرکەوتنی بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمە مێژوییەکە کرد،ھەوڵی تەواوی خۆیان خستەگەڕ بۆ لەکەدارکردنی پڕۆسەکەو تەنانەت سەریان بۆ شاباشی سیستمە سیاسیە دژەکانی کورد نەوی کرد،بەڵام تەواوی ئەو ھەوڵانەی ناوخۆو دەرەوەش بێسود و مایەپوچ بوون و بۆ مێژوش ریفراندۆم بویە تاپۆی ڕەش و تا کوردێک مابێت ئەو پرسەش وەک خۆی دەمێنێت،ئەوەی جێگای سەرنجە تا گرتوەکانی دژە ڕیفراندۆم کە سەرەتا دەیان وت ناکرێت و کە ئەنجامیش درا چاویان لە ڕابردوو پۆشی و داوای ھەڵوێستیان لە بەغداد دەکرد کە نابێت ڕێ بدرێت عێراق بکەوێتە ناو داوی دابەشبونەوە!
 
پاشان خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر کە ھەوڵ و خیانەتێکی دەستەیی «ناوخۆیی و ھەرێمی» بوو بۆ سڕینەوەی حکومەتی ھەرێم و لێدان لە بزاوتی خەباتی سیاسی و چەکداری کورد لە ھەموو بەشەکان ڕویداو جەماعەتی تا گرتووی ڕیفراندۆم لە بری سەرزەنشت کردنی خیانەتەکە ھەموو دەرئەنجامەکانی ئەو ڕوداوانەیان بە تەنافی ڕیفراندۆمدا ھەڵواسی و بونە بەردەستی خیانەتکاران!!
لێدوانەکانی کاراکتەرە سیاسیەکانی کورد دژی ھەوڵ و خیانەتەکە بکەرانی توشی شۆک کرد،وتەکانی عوسمان بایدەمیرو نمونەی ئەو دەنگە بڵندە بوو کاتێ وتی «گەر خیانەت لە کەرکوک نەکرابا ئەوا دوژمن جورئەتی نەدەبوو پەلاماری ڕۆژئاوا بدات»
 
ھەنگاوی دواتری تا گرتوەکانی ڕیفراندۆم وەک ھەمیشە چاویان داخست و دڵخۆشی خۆیان دەدایەوەو پێش ھەڵبژاردنەکان کەوتنە تەحلیل و تەفسیرو تەئویل و (پێیان وابوو) ریفراندۆم ویستەکان لە ھەڵبژاردن توشی شکست دەبن و بە دیاری کراویش پارتیان کربویە نیشانە،ئەم خۆشخەیاڵی و تای جەھلە قورستر بوو لەسەریان تا ڕادەی گەشکە بردنی و لە کۆشکی بەرزی خەیاڵەوە کەوتنە چاڵی نائومێدی,سەرکەوتنی ڕیفراندۆم خوازان وای لە بەرەی دژە سەربەخۆیی کرد جگە لە کڕنوش بردن بۆ نەیاران دەستیان بۆ ھەموو ڕێگایەکی نا ئەخلاقی و سیاسی بردوە تا بتوانن پارێزگاری لە بونیان بکەن و ڕاوێژ بدەنە بەغداد دژی نەتەوەو ئەزمونی کوردستان،لێ نازانن ئەوەی بە گەورەیی دەمێنێتەوە مێرخاسانی گەلن و ئەوانەشی بچوکن و بچوکتر دەبنەوە ئەو ھێزانەن لە بری ھەولێر بەرماڵی سیاسیان ڕوی لە بەغدا یە و پێشتریش زۆری تر لەو ڕێیە بونەتە عیبرەت.
Back to top button