شه‌هید خاله‌ عه‌فان و ١٣ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤

‌ڕاپۆرتی شیكاری : دانا مه‌نمی
 
ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ ١٣ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤ له‌شاری سلێمانی له‌ شه‌قامی سالمه‌وه‌ لێشاوێك خه‌ڵك هاتنه‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌رده‌ركی سه‌را ،پاشان به‌شه‌قامی پیره‌مێرددا به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ڕۆیشتن ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نزیكه‌ی ٥٠ هه‌زار كه‌س ده‌بوون ،دروشمی ( كوردایه‌تی و پارتی و بارزانی ) یان ده‌وته‌وه‌ بۆنموونه‌ ده‌یانگووت ( پێشره‌وی كورد پارتی یه‌ ،سه‌رۆكمان بارزانی یه‌ . چیتان ده‌وێت هه‌ژاران ،مه‌حكه‌مه‌ی تاوانباران. ئێمه‌ی كوردی سۆرانی ده‌نگ ئه‌ده‌ین به‌بارزانی) ته‌رمی فه‌رمانده‌یه‌ك به‌سه‌ر شانی خه‌ڵكه‌وه‌ بوو وكاروانه‌كه‌ ڕۆیشت تا فولكه‌ی (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) و پاشان به‌ ئاراسته‌ی بینایه‌ك ڕۆیشتن كه‌له‌سه‌رده‌می حیزبی به‌عسدا پێی ده‌وترا ( شه‌هید عوسمان) پاش ڕاپه‌رین لقی چوارو دواتریش ناوچه‌ی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان تێدا بوو .
 
له‌و شه‌قامه‌دا گولـله‌بارانكردنی خۆپیشانده‌ران و ماته‌مگێڕانی ته‌رمی ( عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) ده‌ستی پێكرد و ژماره‌یه‌ك شه‌هیدی ترو بریندارو ده‌ستگیركراوی لێكه‌وته‌وه‌ ،عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر ناسراو به‌ ( خاڵه‌ عه‌فان) كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری شاری سلێمانی و فه‌رمانده‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو ،خاڵه‌ عه‌فان كارگێری لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وپاش پێكهینانی سوپای یه‌كگرتووی كوردستان و پاش هه‌لبژاردنی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ( فواد مه‌عسوم ) هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی له‌و سوپا نوێیه‌دا یه‌كخرا ،له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ (عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) كرایه‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی قیاده‌ی مه‌نتیقه‌ی سلێمانی له‌ سوپای یه‌كگرتووی كوردستان ، پاش هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌٣ی ئایاری ١٩٩٤ باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی هه‌مووی له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ په‌لاماردران و سوتێنران و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا ،گه‌وره‌ به‌رپرسانی پارتی له‌ بینای لقی چوار ڕۆشتبونه‌ باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی كه‌ ئێستا به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی یه‌كێتی تێدایه‌ له‌ نزیك فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر.
 
عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر یه‌كێك بوو له‌و به‌رپرس و فه‌رمانده‌ زرنگ و چاونه‌ترسانه‌ی كه‌ به‌رگری ئازایانه‌و جوامێرانه‌ی كرد ،سه‌رئه‌نجام خۆی نه‌دا به‌ ده‌سته‌وه‌و یه‌كێتی یش بۆیان ده‌ستگیر نه‌كراو ده‌رچوو،به‌ڵام هه‌ڤاڵانی تروه‌كو (قادر قادر و ده‌روێش ئاغا) و ئه‌ندامانی لقی چوار و كادیرانی تێدابوو به‌گشتی ده‌ستگیر كران ، پاشان هێزه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سنوری هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و چه‌می شلێرله‌ ده‌ڤه‌ری پێنجوێن خۆیان كۆكرده‌وه‌ ، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ١٩٩٤ شه‌رێكی گه‌وره‌ له‌ ده‌ڤه‌ری پێنجوێن سه‌ری هه‌ڵدا ،له‌م شه‌ره‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان باشترین فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی له‌ ده‌ستدا و ڕۆژی ٨ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤ شه‌هید (عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) ناسراو به‌ ( خاڵه‌ عه‌فان) خۆی و پێنج پێشمه‌رگه‌ی هاوه‌ڵی به‌ ناوه‌كانی (عه‌لی مام عه‌بدوڵای سه‌رگه‌ڵووی و سه‌رهه‌نگ فه‌تحوڵا و هیوا غه‌فور سه‌عید و حه‌سه‌ن ئه‌بوبه‌كرو فه‌ره‌یدون به‌هادین محه‌مه‌د) شه‌هید بوون .
 
رۆژی ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤ ته‌رمی شه‌هید (عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) ناسراو به‌ خاڵه‌ عه‌فان هێنرایه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی ، شه‌وی ١٣ی حوزه‌یران له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ئاگاداری بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ ته‌رمی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ و تێكۆشه‌ر ( عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) له‌مه‌راسیمێكدا به‌ڕێده‌كرێت بۆ گۆرستان، بۆ به‌یانی كه‌ رۆژ بویه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌یشتنه‌ سه‌ر ته‌رمی شه‌هید خاڵه‌ عه‌فان ،له‌كاتێكدا هه‌موو باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناو شاری سلێمانیدا له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ سوتێنرابوون و ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرابوو ، پارتیبونیش تاوانی جه‌نگ بوو.
 
لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكه‌ی ٥٠ هه‌زار كه‌س ده‌بون كه‌ ده‌وری ته‌رمی شه‌هید (عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) یان دابوو ،ئاپۆرای خه‌ڵك له‌ ئوتێك (حسیب ساڵح ) ناسراو به‌ (پاڵاس) درێژ بوبویه‌وه‌ بۆ به‌رده‌ركی سه‌راو له‌وێشه‌وه‌ بۆ فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر ،له‌و مه‌راسیمی به‌ڕێكردنه‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌بوو كه‌ ته‌رمی شه‌هید ( عوسمانی قاله‌ منه‌وه‌ر) وه‌ك نه‌ریتێكی كورده‌واری بۆ دوا دیداری خانه‌واده‌كه‌ی به‌رنه‌ به‌رده‌ركی ماڵه‌وه‌یان كه‌ ماڵیان به‌رامبه‌ر باره‌گای پارتی و نزیك فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر بوو ، ئیتر له‌وێدا هێزه‌كانی یه‌كێتی ترس دایگرتن و پێشتریش ئاماده‌كاری و ئاماده‌سازییان كردبوو چاوه‌ڕێی بروسكه‌و فه‌رمانێك بوون له‌سه‌روی خۆیانه‌وه‌ ،له‌ پڕێكدا ته‌قه‌و ده‌ستڕێژی گولـله‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی ده‌ستی پێكرد، فیشه‌ك و ده‌سترێژی گولـله‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی به‌ ئاسماندا نه‌بوون به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ بۆ ناو ئاپۆرای خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ره‌ مه‌ده‌نیه‌كه‌ بوون ، نزیكه‌ی (١٤٠) كه‌سی تر شه‌هید بوون خه‌ڵكێكی زۆریش بریندارو ده‌ستگیر كران .
 
به‌ڵام له‌و رووداوه‌دا ناوی ٢٠ كه‌سی تر به‌ فه‌رمی بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ شه‌هید بوون كه‌ ئه‌وانیش ( محه‌مه‌د كه‌ریم صۆفی ناسراو به‌ عه‌ریف كه‌ریم ، جه‌مال عه‌زیز حیكمه‌ت ، نوری عه‌لی حسێن ،سه‌ردار مه‌عروف محمود ناسراو به‌ سه‌رداری خوله‌ی ئامه‌ ،ئاراس قادر ئه‌حمه‌د نه‌سیم،عومه‌ر له‌تیف ،ئیبراهیم حسن حمید،نه‌جمه‌دین عه‌بدول محمد، هیوا سابیر سه‌عید” كه‌مال نوری بابا شیخ ،حه‌مه‌ فایه‌ق ،عه‌لی حه‌مه‌ ، به‌هرۆز ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا،نه‌ریمان مسته‌فا ده‌روێش،هاوار ره‌سول ،قاره‌مان محمود ساڵح ،حمه‌ امین حسن رشید ،زاهیر ئه‌حمه‌د ساڵح ،به‌كر عه‌بدوڵا سوڵتان ،هاوار ره‌فیق عه‌زیز).
 
له‌به‌ر دۆخی سلێمانی له‌و كاته‌دا نه‌توانرا ناوو ژیاننامه‌ی سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كان و برینداره‌كان بڵاو بكرێته‌وه‌ ودیاره‌ زوڵم و سته‌می یه‌كێتی هۆكار بوو كه‌ خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ برینداری خۆی تیمار بكات و شه‌هیده‌كانیش به‌ نهینی بنێژرێن ، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی بریندار ده‌بیت (محه‌مه‌د كریم صۆفی ) ناسراو به‌ ( عه‌ریف كه‌ریم) كه‌ ته‌مه‌نی (٦٦) ساڵه‌ وبه‌ برینداری خۆی هه‌ڵده‌داته‌ ماڵێك و پاش پێزانینی ده‌یبه‌نه‌ ژوره‌وه‌و پیێی ده‌ڵێن : تۆ پارتیت؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت : نه‌رك هه‌ر پارتیم وبه‌ڵكو كوڕی بارزانیم . ئیتر چه‌ند فیشه‌كێك ده‌نێن به‌سه‌ریه‌وه‌و شه‌هیدی ده‌كه‌ن .
 
٢٤ ساڵ لەمەوبەر شەهیدی نەمرو سەرکردە عوسمان قادر منەوەر ناسراو بە خاڵە عەفان لە ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ پۆلێک شەهیدی نەمری خۆپیشاندانی هێمنانەی ئەو ڕۆژەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردران لە پێناو بەرگری کردن لە ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی لەگەڵ شەهید بوونی خاڵە عەفان دووپەپولە ئاسایی ڕۆح سوک وجوانی لە دوای خۆیی جێهێشت بۆ کوردوکوردستان بە ناوی (ژاڵەخان و ژینۆ خان) ئێستا لە دوای 24 ساڵ لە شەهید بوونی باوکیان و دوورو نەبوونی سۆزوخۆشەویستی باوکایەتی لەلایی دایکیان خاتوو (نەسرین) لەسەر هەمان ڕێبازیی شەهید بوونی باوکیان پەروەردەیەکی جوانی کردون بۆ خزمه‌تی كوردو كوردستان و ڕێبازو كه‌له‌پوری بارزانی نه‌مر باوكی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد .
Back to top button