بهر پرسێكی ئهمنی: هۆشداری لەبارەی چۆڵکردنی گوندە کاکەییەکانی سنووری کەرکووک دەدات
دوای ئهوهی چهندین جار هێركرایه سهرگوندهكانی كاكهیهكان له سنوری حهوی حهمرین, شهوی رابردوو شهش كهسیان لهگوندێكی كاكهی رفاندووه, كه ئهمهش ترسی له دڵی دانیشتوانی ئهم گوندانه دروستكردووه ,بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک هۆشداریی لەبارەی چۆڵکردنی گوندە کاکەییەکان بەهۆی هێرشی داعشەوە دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئەو دێیانە چۆڵ بکرێن، ئەوا چەکدارانی داعش بە ئاسانی دەتوانن بێنە ناو قەزای داقووق و ناحیەی تازەو هێڵی ستراتیژی کەرکووک بەغدا بگرن.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، لەبارەی مەترسی داعش لەسەر ناوچە کاکەیی نشینەکان لە کەرکووک و گرنگی ئەو شوێنانە لەڕووی ستراتیژییەوە رایگەیاند: “ئەو گوندە کاکەییانە هەموو کاتێک وەکو هێزێ بوونە و بەرگریان لەخۆیانکردووە، کاکەییەکان پێش داعشیش لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەکو قاعیدە و ئەنسار هەمیشە پەلاماردراون و خەڵکیان لێ شەهیدکردن و رفێندراون”.
سەرحەد قادر، دەڵێ: ” کاکەییەکان پێش شەڕی داعش زیاتر لە 100 شەهیدیان هەبوو، لە شەڕی داعشیشدا برایانی کاکەیی رۆڵێکی زۆر باشیان هەبوو، بەداخەوە ئێستا وەکو پێویست هێز لەو سنوورەدا نییە، بۆیە لەلایەن داعشەوە پەلامار دەدرێن، کاکەییەکان هەم لەبەر ئایینەکەیان و هەم لەبەر ئەوەی کوردن، هەمیشە ئامانجی یەکەمی گرووپە تیرۆریستییەکان بوونە، بە کوشتن، رفاندن، ماڵ سووتاندن و ئیهانەکردن بۆ ئەوەی لەو سنوورە دەریان بکەن”.
لەبارەی ستراتیژیەتی ئەو گوندە کاکەییانەی لەلایەن داعشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوک، دەڵێ: “ئەو گوندانەی برا کاکەییەکان زیاتر کەوتوونەتە سنووری قەزای داقووق، سنووری قەزای داقووقیش رێگای ستراتیژی بەغدا کەرکووکە، ئەگەر ئەو گوندە کاکەییانە لەوێ نەمێنن، چەکدارانی داعش زۆر بەئاسانی دەتوانن بێنە نێو قەزای داقووق و رێگای ستراتیژی بەغدا کەرکووک بگرن”.
سەرحەد قادر، دەشڵێ: “بە چۆڵکردنی ئەو گوندە کاکەییانە، لەڕووی سەربازییەوە زۆر خراپە، بۆیە دەبێت هێزە عێراقییەکان کە لەو سنوورەن زۆر بە وردی رەچاوی ئەوە بکەن، ئەگەر ئەو دێیانە چۆڵ بکرێت، ئەوا چەکدارانی داعش بە ئاسانی دەتوانن بێنە ناو قەزای داقووق و ناحیەی تازەو هێڵی ستراتیژی کەرکووک بەغدا بگرن”.
لەبارەی سەرچاوەی هێرشی سەر ئەو گوند و ناوچە کاکەییەکانە، سەرحەد قادر، گوتی: “ئەوە شاراوە نییە کە چەکدارانی داعش هێزێکی زۆریان لە سنووری قەزای دووز و ناحیەی رەشاد هەیە، ناوچەکە و گوندە عەرەبەکان هەمووی چەکداری داعشی تێدایە، راستە هێزی عێراق هەیە، بەڵام ئەوان تەنیا لەناو قەزای دووز و ناحیەی رەشاد هە، بەڵام سنووری ناوچەکە و گوندەکان و بە تایبەتیش وادی زەرگە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانە، هەزاران چەکداری داعش زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەوێ بمێننەوە، هێزە عێراقییەکان ئێستا و پێشووتریش نەیانتوانیوە وەکو پێویست کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بکەن”.
بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، پێیوایە پۆلیسی کەرکووک ئێستا ئەو توانایەیان نییە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و دەڵێ: “لە دوای 16ی مانگەوە، پۆلیسی کەرکووک هیچ دەسەڵاتێکی نییە، زیاتر دەسەڵات لەلایەن پۆلیسی فیداڵی و چەکدارانی حەشدی شەعبی و دژە تیرۆرە، هێزەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندان، پۆلیسی کەرکووک هیچ دەسەڵاتێکی نییە، ئەوان زیاتر ئیشوکاری رۆژانەی خۆیان دەکەن، پێشتر پۆلیسی کەرکووک هێزێک بوون کە دێ بە دێ، شیو بە شیو و دۆڵ بە دۆڵ دەگەڕا و شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکانی دەکرد و شەڕی ناوشاری دەبردە دەرەوەی شار”.