گوندی په‌ڵكانه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ته‌عریب ده‌كرێت

گوندی (په‌ڵکانه‌) سه‌ر به‌ ناحیه‌ى (سه‌رگه‌ڕان)ی سنووری قه‌زاى دووبزه‌، گوندی په‌ڵكانه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگای نێوان دووبز – دیبه‌گه‌ ،تا ئێستا كه‌ حكوومه‌تى عێراق ڕێگاى سه‌ره‌كى نێوان كه‌ركووك-هه‌ولێر ناكاته‌وه‌، به‌شێكى زۆر له‌ هاووڵاتییان له‌ ڕێگای دیبه‌گه‌ بۆ دووبز و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك هاتوچۆ ده‌كه‌ن.
 
گوندى په‌ڵكانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌ گه‌وره‌كانى سنوورى قه‌زاى دووبز، هه‌روه‌ها رووبەرێكى گه‌وره‌ى زەویى كشتوكاڵی هه‌یه‌ و خاكه‌كه‌ى به‌پیته‌ و زیاتریش جووتیاران ساڵانه‌ گه‌نم و جۆ ده‌چێنن،له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی ڕوخاودا عه‌ره‌بێكی زۆر هاورده‌ی گوندی په‌ڵكانه‌ كران و كورد له‌ گونده‌كه‌دا بووه‌ كه‌مینه‌ له‌ دوای ساڵی 2003 یشه‌وه‌ كورده‌كان زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى خۆیان له‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان وه‌رگرته‌وه‌ و ماوه‌یه‌ى چه‌ند ساڵێك بوو به‌ ئازادانه‌ و له‌ژێر سایه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ده‌ژیان.
 
له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان جارێكى تر گه‌ڕانه‌وه‌ سنوورى گوندى په‌ڵكانه‌ و ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ئاسایی، به‌ڵكوو ئه‌م جاره‌یان به‌ چه‌كه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و جارێكى تر زه‌ویى كورده‌كانیان داگیر كردەوه‌.
 
حه‌شدى شه‌عبی هه‌رچی ئاڵاى كوردستانه‌ له‌سه‌ر قوتابخانه‌ و بنكه‌ى ته‌ندروستیی گونده‌كه‌ لایبردووه‌ و ئاڵای حه‌شدى شه‌عبی و شیعه‌كانیان داناوه‌، ئینجا له‌م سه‌ر گونده‌كه‌ ئۆتۆمبێلێكى ڕه‌شی عه‌سكه‌رى سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدڕاڵی وه‌ستاوه‌ و له‌وسه‌رى گونده‌كه‌شه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه، ئه‌و گونده‌ پێك دێت له‌ زیاتر له‌ 175 ماڵ و پێشتر ته‌واوى دانیشتووانه‌كه‌ى كورد بوون‌.
 
قه‌زاى دووبز به‌ 45 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوورى ڕۆژئاواى شارى كه‌ركووك، له‌ ساڵی 1953 له‌ گونده‌وه‌ كراوه‌ به‌ ناحیه‌ و ڕووبه‌رى قه‌زاكه‌ به‌ 100 هه‌زار دۆنم زه‌وى مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و ڕێژه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى 125 هه‌زار كه‌سه‌ و له‌ كورد، ئینجا عه‌ره‌ب و توركمان پێكدێت و 65 گوند سه‌ر به‌ قه‌زاكه‌ هه‌یه‌.
 
شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌ چه‌ند جارێكی تر اه‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا عه‌ره‌بی هاورده‌ هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گوندی (په‌ڵكانه‌) و له‌گه‌ڵ كورد نشینانی گونده‌كه‌ بووه‌ته‌ ده‌مه‌قاڵێیان ، دواتر عه‌ره‌به‌كان سوپای عێراقییان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و هاتوون بۆ پشتیوانی عه‌ره‌به‌كان زیاتر له‌ ۳۵ ماڵی كوردی گونده‌كه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ ومۆڵه‌تی ۳ ڕۆژیان بۆ دانراوه‌ بۆ جێهێشتنی گونده‌كه‌یان و زه‌وییه‌كانیان.
 
ته‌عریبكردنه‌وه‌ى سنوورى قه‌زاى دووبز له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زیاتر له‌ سنوورى گونده‌كانى سه‌ر به‌ دووبز و به‌تایبه‌ت له‌ گوندى په‌ڵكانه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد و پاشان شۆڕ بووه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌ندى قه‌زاى دووبز و ناحیه‌ و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى و ئێستاش قه‌زاكه‌ به‌ر شاڵاوێكى چڕی ته‌عریبكردن بووه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ هاووڵاتییانى كوردیش له‌ سه‌روبه‌ندى داگیركردنى قه‌زاكه‌یان له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابروودا ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون.
 
 
 
Back to top button