له ‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە كاكه‌ییه‌كان ده‌كرێنه‌ ئامانجی ڕفاندن و كوشتن

كاكه‌ییه‌كانی سنووری كه‌ركووك كه‌ زۆرینه‌ی گونده‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ سنووری قه‌زای داقووقی سه‌ر به‌ كه‌ركووك و به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشەوە ده‌كرێنه‌ ئامانج و له ‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ریشەوە زیاتر ده‌كرێنه‌ ئامانج به ‌هۆی ئه‌وه‌ی داعش جارێكی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و هیچ هێزێكیش نییه‌ پارێزگارییان لێ بكات، چونكه‌ پێشتر به ‌بڕیاری سه‌رۆك بارزانی فه‌وجێكیان بۆ دامه‌زرابوو ودوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و هێزه‌ له‌وێ نه‌ماوه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیش نایانپارێزن.
 
ئه‌یاد كاكه‌یی ڕایگه‌یاند: “پێشتر پێشمه‌رگه‌ له ‌سنووری داقووق و گونده‌كانی كاكه‌یی هه‌بوو و خۆیشیان فه‌وجێكیان هه‌بوو پارێزگارییان لێ ده‌كردن، به‌ڵام له ‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە به‌رده‌وام كاكه‌ییه‌كان ده‌كرێنه‌ ئامانج و بۆمبیان بۆ داده‌نرێته‌وه‌ و ده‌ڕفێندرێن و زیانیان پێ ده‌گه‌یەندرێت، چونكه‌ هێزی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وان ناپارێزن.”
 
لای خۆیه‌وه‌ فه‌رهاد حه‌مه‌ عه‌لی به‌ڕێوەبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی كه‌ركووك ڕاگه‌یاند: “ماوه‌یه‌كه‌ جموجووڵی داعش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ سنووری كه‌ركووك و به‌تایبه‌ت له‌ داقووق زیادی كردووه‌، گونده‌كانی كاكه‌ییش ده‌كه‌ونه‌ ئه‌و سنووره‌وە، كه‌ هاوسنوورە له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان و داعش له‌و ناوچانه‌ باڵاده‌سته‌ و جگه‌ له‌وه‌ش، نه‌ك ته‌نیا داقووق، له‌ حه‌ویجه‌ و ڕیاز و ناوچه‌كانی دیكه‌ش شه‌وانه‌ داعش هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر خه‌ڵك و ده‌یانكوژن و ده‌یانڕفێنن و هێزه‌ عێراقییه‌كانیش توانای پاراستنی ئه‌وانیان نییه‌.”
 
به‌ڕێوەبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی كه‌ركووك گوتیشی: “له‌دوای نه‌مانی پێشمه‌رگه‌ بۆشاییه‌كی ئه‌منی دروست بووه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كانیش ناتوانن ئه‌منییه‌ت بۆ ئه‌و گوندانه‌ بپارێزن و ڕووبه‌ڕووی داعش ببنه‌وه‌، كه‌ داعش به‌ئاشكرا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر خه‌ڵك و له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كیی كه‌ركووك بۆ به‌غداش خه‌ڵكیان كوشتووه‌ و ڕفاندوویانه‌، بۆیه‌ نه‌ك حاڵه‌تێك، به ‌ده‌یان حاڵه‌ت هه‌بووه‌، بۆیه‌ ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌دایه‌.”
 
له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌ سنووری كه‌ركووك زیاتر له ‌45 هاووڵاتیی كاكه‌یی له‌سه‌ر ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كوژراون و له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووشدا له‌ سنووری داقووق داعش ئاغایه‌ك و پێنج له‌ جووتیارانی ڕفاندووه‌ و تاوه‌كو ئێستا چاره‌نووسیان دیار نییه‌.
Back to top button