نێچیرڤان بارزانی: باس لەكەم و كوریەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات
خواكوڕك
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ئەو لەویەتی ئێمە بۆداهاتوو ئەوەی بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرینگە، دڵنیابوونە لە پاشەڕۆژی خۆمانە و دەشلێت ناكرێت چیتر ئەو دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت.
ئەمرۆ 9ی 10ی 2016 رۆژی یەكشەممە، لە كۆنفراسی پەرەپێدانی ئابووری و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرینگ و جێبایەخی حکوومەت بووە، داینەمۆی ئابووریی هەرێم بووە.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەشلێت، حکوومەت بیری لە هاوکاری و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت کردووەتەوە، تا ئەوەی بکرێت و لە توانایدا بێت خزمەتگوزاریی بدا بە کەرتی تایبەت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنی. چونکە بە لای حکوومەتەوە وایە کە برەودان بەو کەرتە باری حکوومەت سووک دەکات، چونکە کەرتی تایبەت دەتوانێ ڕۆڵ لە بوارەکانی ئابووری و گەشتیاری و پیشەسازیدا ببینێ. سەرۆکوەزیران گوتیشی، کەرتی تایبەت پێویستی بە چاودێری و وردبینیکرنی حکوومەت هەیە.
نێچیرڤان بارزانی رایشیگەیاند، دەزانین کە بڕینی بودجە، شەڕی داعش و هاتنی بە لێشاوی پەنابەر و دابەزینی نرخی نەت، دۆخێکی سەختی بۆ هەرێمی کوردستان هێنایە پێش. بەڵام ئەمانە هەمووی لە دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێم بووە، ئەرکی حکوومەتی قورس کردووە، هەڵبەت کاریگەری بەسەر کەرتی تایبەتیشەوە هەبووە، ئەگەرچی سەرباری ئەمە، ئەو کەرتە جووڵەی لە بازاڕدا بەردەوام بووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، خۆ کە ئەم دۆخە نالەبارە نەبووایە، ئەوا حکوومەت باشتر دەیتوانی هاوکاریی کەرتی تایبەت بکات و، باری ئابووریی هەرێم گەلێک باشتر دەبوو.
گوتیشی کە، حکوومەت بایی ٤٧ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی هەیە.
بەڵام وەک سەرۆکوەزیران باسی کرد، سەرباری بایەخیان بەو کەرتە، بە هۆی ئەو قەیرانەوە کە تەحدیی یەکجار گەورەیە و خەڵکی کوردستانی ئازار داوە، ئێستاکە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەخۆداچوونەوەی حکوومەتی هەرێم تا چاکسازی لە کۆی جومگەکانیدا بکات.
نێچیرڤان بارزانی باوەڕی وابوو، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، لەسەر حکوومەتە پستگیریی زیاتری کەرتی تایبەت باکات و زۆرترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێ. داوایشی لە کەرتی تایبەت کرد، زیاتر ڕوو بکەنە کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیارییش.
هەر لەوبارەیەوە گوتی، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئەگەر بەربەستی یاسایی هەبن لەبەردەم برەودان بە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، لایانبدەین.. دەمانەوێ کەرتی تایبەت گەورەترین بەشداری لە ئاوەدانکردوەنی هەرێمی کوردستاندا هەبێ.
لە بەشێکی وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم باسی لە سەردانی شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزاننی کرد بۆ بەغدا و گوتی، ئومێدی چارەی گەیشتن بە کێشەکانی لەگەڵ بەغدادا کردووەتەوە.
ئەو گوتی، شاندەکە لە بەغدا، لەبارەی کۆی بابەتەکانی ئێستا و پاشەڕۆژی پێوەندییەکان دانوستانیان کردووە، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە گرینگە و بەغدا بیزانی ئەوەیە، ناکرێ ئەم دۆخە وەها درێژەی هەبێ، بۆ دڵنیابوون لە پاشەرۆژ پێوەندییەکانمان دەبێ هەنگاوی جیددی بنرێ.
مووسڵ و پرۆسەی ڕزگارکردنەوەی تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی پێکهێنابوو و لەبارەیەوە گوتی، پرسێکی دیکە کە بۆ ئێمە گرینگە، پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵە. هەڵبەت پرسی مووسڵ هێندەی سیاسییە سەربازی نییە، ڕزگارکردنی مووسڵ کۆی کێشەکانی ئەو پارێزگایە چارە ناکات، بۆیە قۆناغی دوای ئازادکردنی گرینگە و دەبێ پێکهاتەکانی لە پاش ئازادکردنی ڕۆڵیان لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە هەبێ، دەنا کێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.