عەممار حەکیم له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی سه‌در و هادی عامری نیم, با حكومه‌تی داهاتوو تەکنۆکرات بێت نەک تائیفی

 

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، هێرشدەکاتە سەر هاوپەیمانی نێوان موقتەدا سەدر و هادی عامری بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. بە هاوپەیمانیەتی ”تائیفی”ناوی دەبات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامه‌ی “الشرق الاوسگ”ی سعوودی، حەکیم ناچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە شیعییە و لە بری ئەوە پێی باشە حکوومەتی داهاتووی عێراق “تەکنۆکرات بێت نەک تائیفی”.

حەکیم لەبارەی یەکگرتنی سەدر و عامری، رایگەیاندووە: “ئەوە هەڵەیە کە بگەڕێینەوە هاوکێشە کۆنەکە و چاوەڕێی ئەنجامی باشتر بکەین. هاوپەیمانی تائیفی ناتوانێت حکوومەتێکی نیشتیمانی دروستبکات کە لە ئاست چاوەڕوانی خەڵکیدا بێت”.

محەمەد جەمیل میاحی، ئەندامی باڵای رەوتی حیکمە، لە بارەی قسەکانی عەممار حەکیم، بە رۆژنامەی “الشرق الاوسگ”ی گوتووە: “حەکیم بە ئاماژە کردن بۆ حکوومەتی نیشتیمانی مەبەستی لە دروستکردنی حکوومەتێکە کە لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەخۆبگرێت، بە شیعە و سوونە و کوردەوە”.

پێنج هێزی شیعە ئێستا کار بۆ دروستکردنی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، تاکو ئێستاش تەنها سەدر و عامری هاوپەیمانین، هەرچی عەبادی و مالیکی و حەکیمیشە خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە لەوەی دەبنە ئۆپۆزسیۆن یاخود بەشدار دەبن لە حکوومەتی داهاتووی عێراق.

ھەفتەی رابردوو سه‌در و عامری، رێككەوتنیان لەسەر ھاوپەیمانیەتی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق راگەیاند و چاوەڕێی گفتوگۆن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.

Back to top button