دوای باسكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ كۆشكی سپی پیلانی سووتاندنی كوردستان ده‌ستی پێكرد

فەرهاد محەمەد
 
له‌ مانگی ئایاری 2015 و پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌ یاوه‌ری شاندێكی هاوبه‌شی كوردستانی وه‌ڵامی داواتنامه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆك ئۆبامای بداته‌وه‌، له‌ سلێمانی سه‌ردانی مام جه‌لالی كرد، ئه‌وجا سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن ده‌ست پێكرد. دیاره‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی بارزانی له‌م سه‌ردانه‌ی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی جێگری سه‌رۆك و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و پێنتاگۆن، بێجگه‌ له‌ پیشاندانی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان، كۆمه‌ڵێك پرسی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌خۆی گرتبوو، به‌ڵام له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌و پرسانه‌وه‌ باسكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆباما و كۆشكی سپی ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بوو. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجار بووه‌ له‌ میژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگایخوازیماندا، كه‌ سه‌رۆكی كوردستان راسته‌وخۆ و راشكاوانه‌ باسی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئیداره‌ی كۆشكی سپی بكات و، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كۆشكی سپی دژی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌بن، به‌ڵكو سه‌رۆك ئۆباما و كۆشكی سپی پێشنیاریان بۆ شاندی كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ ، پرسی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه‌ پرۆسه‌ و خۆتانی بۆ ئاماده‌بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌مری واقیعه‌ی ئێستا له‌كوردستان بوونی هه‌یه‌، له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانیدا، به‌ره‌و قۆناخه‌كانی دیكه‌ وه‌ك، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ به‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ عێراق، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ ( توركیا و ئێران) ئه‌وجا هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاو بنێت.
 
بارزانی له‌میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا له‌لایه‌ن چه‌ندین ناوه‌ندی فیكر و لێكۆڵینه‌وه‌، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندان و پسپۆڕان و دیپلۆماتكارانه‌وه‌ بۆ گرێدرا و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌ پرسی كوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ده‌ن، له‌میانه‌ی ئه‌م كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا پسپۆڕان و دیپلۆماتكاران زۆر مه‌به‌ستیان بوو له‌ زاری بارزانی-یه‌وه‌ به‌ ورده‌كاری پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاشنا بن، بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانی زۆر راشكاوانه‌ پێی راگه‌یاندن “پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌.” دیاره‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ماوه‌یه‌كی باشی ده‌وێت و له‌و كاته‌شدا سه‌رۆك بارزانی ته‌نیا یه‌ك مانگی مابوو پۆسته‌كه‌ی ته‌واو بێت، بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی رووبه‌ڕوو كرایه‌وه‌، ئایا سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌ڵێن؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێی گوتن: “پێش ئه‌م سه‌ردانه‌، ئه‌م پرسه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست حزبه‌كانی كوردستان، ئه‌وان كۆده‌بنه‌وه‌ و له‌سه‌ر هه‌ر شێواز و میكانیزمێك رێككه‌وتن، ئه‌وا منیش ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌م كه‌ حزبه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.” ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی لای بارزانی گرنگه‌ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ وه‌ك (پرۆسه‌)، نه‌ك پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
 
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ راگه‌یاندنی (ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ واشنتۆنه‌وه‌) بده‌ین كه‌ سه‌رۆك بارزانی ئه‌م پرسه‌ی به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسكردبوو، ئه‌وا راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی بارزانی ئه‌وه‌ بووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان خۆیان به‌ خاوه‌نی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بزانن و پرسه‌كه‌ له‌وه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌ی سه‌رۆك بارزانی، یان پرۆسه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كی كوردستانییه‌و ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ر یه‌ك به‌ قه‌باره‌ی خۆی شان بداته‌به‌ری بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت.
 
شاندی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی، به‌و نییه‌ت و ئامانجه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان، كه‌ ئاكامی ئه‌م سه‌ردانه‌ مێژووییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باس بكه‌ن. ئه‌وه‌ بوو له‌ رۆژی 18ی ئایاری 2015 هه‌موو حزبه‌كان پێكه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ ژوورێكی عه‌مه‌لیات بۆ كاركردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو راگه‌یاندووه‌ كه‌ نییه‌تی بارزانی دوای سه‌ردانه‌كه‌، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بۆ زیاتر پاراستنی یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ ده‌ست به‌كاربوون له‌ ژووری عه‌مه‌لیات بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بباته‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌و ژووره‌دا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بگێڕێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نییه‌ته‌ پاك و نیشتمانییه‌ی سه‌رۆك بارزانی، نه‌وشیروان مسته‌فا پیلانی بۆ په‌كخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ داڕشت و كوردستانی گێڕایه‌وه‌ بۆ ناو گێژاوی ئاژاوه‌ و ململانێی ناته‌ندروستی حزبایه‌تی.
Back to top button