ئێران له‌ ڕێگه‌ی موجته‌با خامنه‌ییه‌وه‌ نێوماڵی شیعی ڕێكده‌خاته‌وه‌

به‌رهه‌می هه‌وڵه‌كانی موجته‌با خامنه‌یی، كوڕی رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ نزیكبونه‌وه‌ی لیستی سائیرون و لیستی فه‌تح كه‌ دواجار هاوپه‌یمانیه‌تی نێوانیان ( موقته‌دا سه‌درو هادی عامری) لێكه‌وته‌وه‌ .
 
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌یه‌كی كوه‌یتی كه‌ نوسیوویه‌تی و ده‌ڵێت: “موجته‌با خامنه‌یی به‌ هاوكاریی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیعه‌كان له‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كدا و په‌یوه‌ستكردنی كوردیش پێیه‌وه‌ خستووه‌ته‌ گه‌ڕ، بێ ئه‌وه‌ی ناوی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو دیاری بكه‌ن. ئێستا تاران ته‌نها ده‌یه‌وێت “به‌عسی و شیوعی و عه‌لمانییه‌كان” و نه‌یارانی رژێمی ئێران نه‌یه‌نه‌ ناو حكومه‌تی داهاتووی عێراقه‌وه‌”.
 
رۆژنامه‌ كوه‌یتییه‌كه‌ جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌و ده‌شڵێت :”هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی سوپای پاسداران پێیانوایه‌، موجته‌با خامنه‌یی كه‌ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی ناوخۆییدا به‌ ده‌سته‌ شاراوه‌كه‌ی باوكی ناوده‌برێت، توانیوویه‌تی ده‌ست بۆ دۆسێ ده‌ره‌كییه‌كانیش ببات و توانای خۆی له‌و بواره‌شدا بخاته‌ڕوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیكاری كۆكردنه‌وه‌ی ماڵی شیعه‌كانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ داده‌نرێت، له‌ كاتێكدا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌بینرا. ئه‌گه‌ر بێتو سوپای پاسدارانی ئیرانیش پاڵپشتی موجته‌با بكه‌ن، دوور نییه‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ی باوكی له‌ داهاتوودا”.
 
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 12ی6ی 2018 سائیروون و فه‌تح و حیكمه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی سێ قۆڵییان پێكهێناوه‌و ده‌بنه‌ كوتله‌ی گه‌وره‌ی ناو په‌رله‌مان، به‌ڵام پێویستیان به‌ چه‌ند هێزێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ تا ژماره‌ی پێویست بۆ ناونانی سه‌رۆكوه‌زیران و هه‌ڵبژاردنی كۆبكه‌نه‌وه‌.
Back to top button