عوسمان بانیمارانی:شه‌رمه‌زارییه‌ بۆهه‌ندێك حیزبی كوردی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رده‌وامه‌ له‌ داتاشینی وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی نه‌شیاو بۆ شه‌هیدان و كه‌سوكاریان ،جارێك به‌ میلیشیا ناویان ده‌هێنن و جارێكی تر داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان ده‌كه‌ن وحاكم شێخ له‌تیف هه‌لسوراوی بزوتنه‌وه‌ی گۆران یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ ڕابردوو له‌ وتارێكیدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كردبوو ،سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی ده‌ڵێت :كارێكی نه‌فامانه‌یه‌و له‌بیری خه‌ڵك ناچیته‌وه‌وهه‌رگیز مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌ .
 
عوسمان بانیمارانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگه‌یاند: ”هه‌ندێك لایه‌نى عێراقى داوای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ى ده‌نگه‌ تایبه‌ته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، بێگومان ئه‌وانه‌ دوژمنى میلله‌تى كوردن و حه‌زده‌كه‌ن ئێمه‌ نینۆكمان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رى خۆمانى پێ بخورێنین، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ن بۆ دژایه‌تیكردنى ئێمه‌ هه‌موو كارێك بكه‌ن“.
 
عوسمان بانیمارانی ده‌ڵێت:” کە ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ خۆیان به‌ كورد ده‌زانن، کەچی‌ پیشتگیرى له‌ داواكاریی دوژمنانى میلله‌تی کورد ده‌كه‌ن ،له‌كاتێكدا مایه‌ى شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ خۆیان و ئاینده‌ى حزبه‌كه‌یان، چونكه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، پارێزه‌رى میلله‌تى كورد و خاكى كوردستانه‌، بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌ست بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگى هێزى پێشمه‌رگه‌ ببات، بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت، ده‌چێته‌ خانه‌ى خزمه‌تكردن به‌ دوژمنانى كورد”.
 
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ڕاشیگه‌یاند:” ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، یان “به‌شێوه‌یه‌كى نه‌شیاو” باسی هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، له‌به‌رچاوى میله‌ته‌كه‌ماندا خۆیان ناشرین كردووه‌، بۆیه‌ “كارێكى ئاسان نییه‌ سووكایه‌تى به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بكرێت، چونكه‌ ژیان و مانه‌وەی کورد به‌نده‌ به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه‌”.
 
سه‌باره‌ت به‌ نه‌شیاوی و زمانی زبرو خیتابی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان عوسمان بانیمارانی گووتی:” كارێكى نه‌فامانه‌یه‌ كه‌سێكى ناو گۆڕان، باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بكات، بێگومان ئه‌گه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ كێشه‌یه‌كى هه‌بێت، ئاساییه‌ به‌پێى یاسا چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌، به‌ڵام دژایه‌تیكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، هه‌رگیز مایه‌ى قبوڵكردن نییه‌ و له‌بیر خه‌ڵكیش ناچێته‌وه‌“.
شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌ عوسمان بانیمارانی، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بوو رۆژی 20ی4ی 2014 ده‌ستی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران كێشایه‌وه‌و گه‌رایه‌وه‌ نێو ڕیزه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان .
Back to top button